تاران: به‌غدا 125 ملیۆن دۆلاری بلۆككراوی ئێران بۆ كڕینی ڤاكسین ئازاد ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
ره‌زا ئه‌رده‌كانیان، وه‌زیری وزه‌ی ئێران رایگه‌یاند، عێراق ره‌زامه‌ندی داوه له‌سه‌ر حه‌واڵه‌كردنی 125 ملیۆن دۆلار له پاره بلۆككراوه‌كانی كۆماری ئیسلامی بۆ بانكی ئه‌وروپی، به‌مه‌به‌ستی كڕینی 16 ملیۆن ڤاكسینی كۆرۆنا.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، وه‌زیری وزه‌ی ئێران ئاشكرایكردووه، "ئه‌و پاره‌یه بۆ كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا له به‌رنامه‌ی كۆڤاكس حه‌واڵه ده‌كرێت، كه له‌لایه‌ن رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانییه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت".
تا ئیستا هیچ به‌رپرسێكی عێراقی ئه‌و هه‌واڵه‌ی پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه، كه پاره بلۆككراوه‌كانی ئێران له عێراق بۆ كڕینی ڤاكسین ئازاد ده‌كرێن یان نا.
ئێران كه یه‌كێكه له وڵاتانی ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی زیانمه‌ندانی په‌تای كۆرۆنا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌رده‌وام گله‌یی ئه‌وه ده‌كات، كه سزاكانی ئه‌مه‌ریكا كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌رجی كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ ئه‌و وڵاته داناوه.
له‌میانه‌ی دانوستانه‌كانی ڤیه‌نناش، كه تایبه‌تن به گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، ئێران داوای ئازادكردنی پاره بلۆككراوه‌كانی داهاتی نه‌فته‌كه‌ی كردبوو، كه به 20 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت و له ساڵی 2018 به‌هۆی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ریه‌ك له وڵاتانی عێراق، كۆریای باشوور و چین سڕكراون.
H.B