پەرلەمان چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ یەکلایی دەکاتەوە

پێشنیاز دەکرێت مامۆستایانی گرێبەست لە شوێنی مامۆستایانی خانەنشین دابمەزرێن
چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست یەکلایی دەکرێتەوە
چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست یەکلایی دەکرێتەوە

K24 - هه‌ولێر:

چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە. جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش رایگه‌یاند، پێشنیازمان کردووە، لەشوێنی مامۆستایانی خانەنشین، مامۆستای گرێبەست لە شوێنیان دابمەزرێن.

سێ وەزیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ وه‌زیرانی دارایی و پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست و دامەزراندنی سێ یەکەمەکەی زانکۆ و پەیمانگاکان رۆژی 2ی حوزەیران دەچنە پەرلەمان و گفتوگۆ لە بارەی چارەنووسی ئەو سێ توێژە دەکه‌ن.

حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی پەرەوەردە و خوێندنی باڵای په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: "پێشتر نووسراومان بۆ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ڵامه‌كان پێویستی به‌ روونكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ داوامان كردووه‌، له‌ دانیشتنی رۆژی 2ی مانگی حوزه‌یران، هه‌ردوو وه‌زیر له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بن، تا چاره‌نووسی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست و دامەزراندنی سێ یەکەمەکەی زانکۆ و پەیمانگاکان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌".

ئێستا لە ھەرێمی کوردستان 18 ھەزار مامۆستای وانەبێژ لە ناوەندەکانی خوێندن وانە دەڵێنەوە، ساڵانەش ژمارەیەک مامۆستا خانەنشین دەکرێن، یەکێتی مامۆستایانیش پێشنیازی کردووە، لە شوێنی ئەو مامۆستایانەی خانەنشین کراون، وانەبێژەکان بکرێنە ھەمیشەیی.

ئەحمەد گەرمیانی، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گوتی: "ساڵانه‌ ژماره‌یه‌ك مامۆستا خانه‌شین ده‌كرێن، پێشنیازمان كردووه‌، له‌شوێنی ئه‌وان مامۆستای گرێبه‌ست به‌ هه‌میشه‌یی دابمه‌زرێن، تا كێشه‌ی كه‌می مامۆستاش له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن چاره‌سه‌ر بكرێن".

لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، سەرەڕای قەیرانی دارایی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم مامۆستایانی گرێبەستی کردە ھەمیشەیی، بۆ چارەنووسی فەرمانبەرانی گرێبەست و وانەبێژان و سێ یەکەمەکەی زانکۆ و پەیمانگاکانیش چارەنووسیان لە نێو پڕۆژەیاسای بودجەی ھەرێمی کوردستان یەکلایی دەبێتەوە.

د.ی