له‌كاتی گواستنه‌وه‌یان بۆ عێراق 6 خێزانی داعش دیار نه‌ماون

ڤیان ده‌خیل: كه‌مته‌رخه‌می له‌ حكومه‌ت بووه‌؟ یان به‌پێی رێككه‌وتنێك بووه‌؟، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنیش بووبێت؛ له‌گه‌ڵ كێ بووه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كێ بووه‌؟
خێزانه‌كانی داعش له‌ كه‌مپی هۆل
خێزانه‌كانی داعش له‌ كه‌مپی هۆل

K24 - هه‌ولێر:

ڤیان ده‌خیل، په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر رایگه‌یاند، ژماره‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی له‌ كه‌مپی "هۆل"ه‌وه‌ بۆ عێراق گوازارنه‌وه‌، 100 خێزان بوون، به‌ڵام ته‌نیا 94 خێزان گه‌یشتوون.

ڤیان ده‌خیل، له‌ تویته‌كه‌یدا له‌باره‌ی ئه‌و 6 خێزانه‌ی داعش كه‌ دیارنه‌ماون، به‌ پرسیاره‌وه‌ ده‌ڵێت: كه‌مته‌رخه‌می له‌ حكومه‌ت بووه‌؟ یان به‌پێی رێككه‌وتنێك بووه‌؟، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنیش بووبێت، له‌گه‌ڵ كێ بووه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كێ بووه‌؟.

هه‌ر به‌ پرسیاركردنه‌وه‌ی گوتیشی: خێزانه‌كانی داعش كه‌ دیار نه‌ماون، كێن؟ بۆ كوێ رۆیشتوون؟.

حكومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان رێككه‌وتن خێزانه‌ عێراقییه‌كانی داعش له‌ كه‌مپی "هۆل" بگه‌ڕێننه‌وه‌ عێراق و له‌كه‌مپی "جه‌دعه‌" جێگیربكرێن، له‌كاتێكدا 62 هه‌زار كه‌س له‌ كه‌مپه‌كه‌ ده‌ژین و نیوه‌یان عێراقین، بڕیار دراوه‌ 100 له‌و خێزانانه‌ بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ عێراق.

پێشتر ئیزدییه‌كان مه‌ترسی گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزه‌كانی داعشیان راگه‌یاند، به‌تایبه‌تی به‌مدواییانه‌ جموجۆڵی زیاتری داعش له‌ عێراق به‌دی ده‌كرێت.

د.ی