رەعنا ساڵێک و حەوت مانگ چاوەڕێی هاتنەوەی کوڕەکەی بوو، هەواڵی شەهیدکردنی پێدرا

ڤیدیۆیی شەهیدکردنی کوڕەکەی بڵاوکرایەوە و تەرمەکەشیان نەداوەتەوە کەسوکاری
kurdistan24.net

K24 – گەرمیان

ھەژدە مانگ لەمەوبەر چەکدارانی داعش دووھاووڵاتی کوردی گوندی نارێن لە سنووری قەرەتەپە دەڕفێنن، دواتر یەکێکیان لەبەرامبەر پارە ئازاد دەکەن، بەڵام ئەوەی دیکەیان کە پیشەکەی پۆلیس بووە رۆژی 29/5/2021، داعش ڤیدیۆی شەھیدکردنی بڵاوکردەوە، ئەمەش بووەتە ھۆی تیكچوونی باری دەروونی دایکی.

 جەلال بابان، ئەگەرچی کارمەندی پۆلیسی بوو، بەڵام لەگەڵ ئامۆزایەکی چووەتە نێو زەویەکی کشتوکاڵی لە سنووری قەرەتەپە چەکدارانی داعش هەردووکیان رفاند، لەوکاتەوە دایکی چاوەڕێی هاتنەوەی دەکات، بەڵام دوای ئەو هەموو چاوەڕوانییە، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکەوە داعش هەواڵی شەهیدکردنی راگەیاند.

زیاد محەمەد، ئامۆزای جەلال بە کوردستان24ی گوت: "زیاتر لە ساڵ و نیوێک پێش ئێستا جەلال لەگەڵ ئامۆزایەکی دیکەم لە گوندەکەمان سەرقاڵی خەوی کێڵان بوون، لەو کاتەوە لەلایەن داعش رفێنران".

جەلال، خێزانداربوو، چوار براشی ھەیە کە دوو لە براکانی خاوەن پیداویستی تایبەتن، دوای شەهیدبوونی باری دەروونی دایکی تێکچووە و ئازارێکی زۆری خستوەتە دڵی کەسوکارەکەی.

رەعنا مستەفا، دایکی جەلال لەنێو پرسەی کوڕەکەی هێزی لێبڕاوە و دەڵێ: "حاڵم خراپە، هەر چاوەڕێی هاتنەوەی کوڕەکەم دەکرد، ئێستا شەهیدیان کردووە و تەرمەکەشی نەهێنراوەتەوە".

لەماوەی رابردوودا چەندین جار فەرماندەکانی پێشمەرگە و لایەنە ئیداریەکانی ناوچەی گەرمیان داوایان لە ھاووڵاتیان کردووە، بە شەوان بە ھیچ شێوەیەك نەچنە ئەو ناوچانەی دەکەونە دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، چونکە ھیچ گرەنتیەك لەسەر سەلامەتی ژیانیان نییە، بەھۆی جموجۆڵی داعش و ھەبوونی دەیان گرووپی چەکداری جۆراوجۆر کە کاریان رفاندن و تیرۆر کردنی خەڵکە، بەتایبەتی هاووڵاتییانی کورد.