ئەمریكا داوا لە رووسیا دەكات فشار بخاتە سەر ئەسەد

"ھیچ شتێك بە ناوی ئاگربەستەوە نامێنیت"

K24 - ھەولێر

 ئەمریکا جارێکی دیکە داوا لە رووسیا دەكات کە فشار بخاتە سەر رژێمی ئەسەد تا کۆتایی بە ھێرشە ئاسمانییەکانی بێنێت بۆ سەر ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی سڤیل لە حەلەب و دیمەشق.

بەگوێرەی راگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: "جۆن کیری، لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە سێرگی لاڤرۆڤی، وەزیری دەرەوەی رووسیا كردووە، رووسیا بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی لەسەر شانە بەوەی فشار بخاتە سەر رژێمی سووریا کە کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی بێنێت".

ھەروەھا کیری، نیگەرانی واشنتنی گەیاندووەتە مۆسکۆ كە ئاستی شەڕ و کوشتار بەشێوەیەکی بەرچاو لە سووریا زیادیکردووە و ھیچ رەچاوێکی ئاگربەستی ئەو وڵاتە ناکرێت.

 کیری ھۆشداری داوەتە لاڤرۆڤ کە ئەگەر ھێرشەکانی سوپای سووریا بەردەوام بێت، ھیچ شتێك بە ناوی ئاگربەستەوە نامێنیت.

ئەمە لە كاتێكدایە دوای چەندین جار راگەیاندنی ئاگربەست لە سووریا لە نێوان رژێم و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە، سوپای سووریا بەردەوامە لە بۆردومانكردنی ناوچەكانی بندەستی ئۆپۆزیسیۆن حەلەب و دیمەشق.