یەکێتی سەرنجی خۆی لەسەر دەستوور دەداتە پەرلەمان

لوقمان وەردی: دید و تێڕوانینی یەکێتی سەبارەت بە دەستوور ئەوەیە سیستمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان سیستمێکی پەرلەمانیی بێت

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرنجی خۆی لەسەر دەستوور بۆ پەرلەمانی کوردستان نارد، بڕیارە هەفتەی داهاتووش یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرنجەکانی خۆی لەسەر دەستوری هەرێمی کوردستان بداتە پەرلەمانی کوردستان.

 لوقمان وەردی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان 24ی راگەیاند: "هەفتەی داهاتوو یەکێتی لە رێگەی فراکسیۆنەکەیەوە سەرنجی خۆی لەسەر دەستووری کوردستان دەداتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.

گوتیشی: "دید و تێڕوانینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە دەستوور ئەوەیە سیستمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان سیستمێکی پەرلەمانیی بێت. بوونی دەستووری هەرێمی کوردستان گرنگە و پەیوەندی بە مافی هاووڵاتییانەوە هەیە، بۆیە دەبێ دەستوور تەعبیر لە رای زۆرینەی خەڵک بکات و بە تەوافقی لایەنە سیاسییەکان بێت. ئومێد دەکەین دەستوور ببێتە هەوێنی یەکڕیزی نێوان لایەنەکان".