عێراق سزای لە سێدارەدان بەسەر 22 کەس جێبەجێدەكات

"لە ساڵی رابردووشدا 26 كەس لە عێراق لە سێدارەدراون"

K24-ھەولێر

وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند تەنیا لە مانگی چواری ساڵی 2016 سزای لەسێدارەدان بەسەر 22 "تاوانبار بە تیرۆر و تاوانی دیکە" جێبەجێکراوە.

وەزیری دادی عێراق حەیدەر زاملی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "سزای لە سێدارەدان بەسەر 22 تاوانبار جێبەجێکرا کە بە تاوانی تیرۆر و چەند تاوانێکی دیکە سزادراون، دوای ئەوەی بڕیارەکانی لەسێدارەدانی ئەو کەسانە لە لایەن دادگا و سەرۆکایەتی کۆمارەوە پەسەند کران".

وەزیری دادی عێراق گوتیشی: "سوورین لەسەر بەردەوام دەبین لەسەر جێبەجێکردنی سزای دادپەروەرانە بەسەر تیرۆریستان و ئەوانەی کە دەستیان لە خوێنی خەڵکی بێتاوانی عێراقدا هەیە".

ئەمە لە كاتێكدایە عێراق رووبەڕووی رەخنەی توندی رێکخراوە نێودەوڵەتییە داکۆکیکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ دەبێتەوە و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش رایگەیاند: "مەرج نییە هەموو ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێدەکرێت تاوانیان ئەنجام دابێت".

لە 12 ئەم مانگە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند كە سەرۆك كۆمار واژووی لەسەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی چەند كەسێك كردووە كە بە تاوانی تیرۆر و تاوانەكانی دیكە سزادراون.

بەگوێرەی ئاماری رێكخراوی هیومان رایتس وۆچی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە جیهان ساڵی 2015 عێراق لانیکەم 26 کەسی لە سێدارەداوە.