توركيا داواكاری واشنتن بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له سیسته‌می دژه‌مووشه‌كی ئێس-400ی ره‌ت كرده‌وه
K24- هه‌ولێر:
مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا جارێكی دیكه جه‌ختی له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ داواكاری ده‌ستبه‌رداربوون له سیسته‌می دژه‌مووشه‌كی ئێس-400ی رووسی كرده‌وه، كه وڵاته‌كه‌ی له رووسیا كڕیویه‌تی.
كه‌ناڵی "TRT"ی توركی بڵاویكرده‌وه، وه‌زیری ده‌ره‌وه له میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌سینای پایته‌ختی وڵاتی یۆنان به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاندووه، "سیسته‌می دژه‌مووشه‌كی ئێس-400 له 100% له‌ژێر كۆنترۆڵی ئێمه‌دا ده‌مێنێته‌وه. ئێمه ژماره‌یه‌ك پسپۆڕی ته‌كنیككارمان بۆ مه‌شق و راهێنانكردن له‌سه‌ر ئه‌و سیسته‌مه ره‌وانه‌ی رووسیا كردووه، چونكه هیچ پسپۆڕێكی سه‌ربازی رووسی بۆ به‌كارهێنانی ئه‌و سیسته‌مه له توركیا نابن، بۆیه داواكاری وڵاتانی دیكه بۆ به‌كارنه‌هێنانی ئه‌و سیسته‌مه ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه".
پێشتریش چه‌ندین جار توركیا جه‌ختی له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی خۆی بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له سیسته‌می دژه‌مووشه‌كی ئێس-400 كردووه‌ته‌وه، كه هاورده‌كردنی ئه‌و دژه‌مووشه‌كه رووسییانه له‌لایه‌ن توركیاوه به‌رهه‌ڵستییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكا و فه‌رمانده‌یی هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ"ی به‌دوای خۆیدا هێناوه.
رۆژی هه‌ینی رابردووش وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان پێشنیازی جێگره‌وه‌یه‌كی بۆ سیسته‌می ئێس-400ی رووسی خستووه‌ته به‌رده‌م توركیا، به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری زیاتر له‌وباره‌یه‌وه بخاته روو.
H.B