مەكتەبی سیاسی پارتی پەیامێک ئاراستەی یەکێتی دەکات

پارتی: جەختدەكەینەوە لەسەر هەماهەنگیی و تەبایی و یەكڕیزیمان، بۆ چارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتەکان
پارتی و یەکێتی
پارتی و یەکێتی

K24 - هەولێر

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەبۆنەی (46)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێکی ئاراستەی یەکێتی کرد و رایگەیاند " لەم یادە دا جەخت دەكەینەوە لەسەر هەماهەنگیی و تەبایی و یەكڕیزیمان، بۆ چارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتەکان و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی بۆ هاووڵاتییان".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی هاتووە: "یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هاوخەبات و هاوپەیمانێكی گرنگ و سەرەكی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستانە و، ھاوشان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكە رۆڵی كاریگەری هەبووە لە بەدیهاتن و پاراستنی دەسكەوتەكانمان، بۆیە ئومێدەوارین لەو قۆناغەشدا بەهەموو لایەك هەوڵبدەین بۆ بەرزراگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان".

دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان:..

بەبۆنەی (46)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

بۆ بەڕێز/ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

بەبۆنەی (46)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەكەین و، هیوای بەرەوپێشچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین لە كار و بەرنامەکانتان بۆ خزمەتگەیاندنی زیاتر بە دۆزی رەوای گەلەكەمان. 

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، هاوخەبات و هاوپەیمانێكی گرنگ و سەرەكی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستانە و، ھاوشان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكە رۆڵی كاریگەری هەبووە لە بەدیهاتن و پاراستنی دەسكەوتەكانمان، بۆیە ئومێدەوارین لەو قۆناغەشدا بەهەموو لایەك هەوڵ بدەین بۆ بەرزراگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان و، بە گیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتیمانپەروەریەوە بەپێی پێویستی قۆناغەکە دەوری شیاوی خۆی ببینێ.

 لەم یادە دا، جەخت دەكەینەوە لەسەر هەماهەنگیی و تەبایی و یەكڕیزیمان شانبەشانی هێز و لایەنە سیاسیەكانی دیكەی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەو گیروگرفتەکان و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی بۆ هاووڵاتیان و داكۆكیكردن لەو ئەزموونە و سووربوون لەسەر بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواكانمان و پاراستی قەوارەی ھەرێمی کوردستان..

جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەركەوتوو بن..

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان