کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدان دەکرێت

نرخی یەک کارتی ده‌نگدان گەیشتووەتە نزیکەی 300 دۆلار
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە عێراق کڕین و فرۆشتن بە کارتی بایۆمەتری دەستیپێکردووە، نرخی یەک کارتی ده‌نگدان گەیشتووەتە نزیک سێ سەد دۆلار، جگە لەوەی  نزیکەی 450 ھەزار کارتی دەنگدان  لە بەغدا لە دەست چەند لایەنێکی سیاسیدایە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت، داوادەکرێت نەتەوە یەکگرتوەکان رێگە لەو ھەوڵە بگرێت چاوەرێشدەکرێت بەرێگەی ئامێرەکانی دەنگدان رێگری لە دەنگدانی ساختە بگیرێت.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، کارتی دەنگدان نرخەکەی بەرزدەبێتەوە و کاندید و حزبە باڵادەستەکان دەستیان بە کڕینی کردووە، نرخی کارتێکی دەنگدان لە 100 دۆلار گەیشتوەتە 300 دۆلار کە هەندێ لە حزبەکان و کاندیدەکان دەیکڕن. دادگاکانیش دەستەڵاتی لێپرسینەوەیان نییە، لە رووی یاساییەوە ئەم مامەڵەکردنە دەچێتە چوارچێوەی سەرپێچیەکان و ئەنجامدانی پێشێلکاری و ساختەکردنی دەنگدانەوە.

لەوبارەوە لاوەند نەوزاد، پسپۆڕی یاسایی بە کوردستان24ی گوت: "ئەو کارتەی دەکڕدرێت بە تەزویڕ دەنگی پێدەدرێت، چونکە خاوەنی راستەقینەی نییە، لە یاسای سزادانی عێراقی سزا بۆ ئەوە دانەنراوە، بەڵام بەپێی ئەو راپۆرتانەی بڵاودەبنەوە بە هەزاران کارت تەزویڕ کراوە و مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دەبێت".

چاوەرێدەکرێت لە رێگەی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەو ئامێرانەی بۆ ئەنجامدانی ئەم ھەڵبژاردنە بەکار دەھێنرێن، رێگری بکرێت لە ساختەکاری و بەکارھێنانی ئەو کارتانە  کە لەلایەن چەند لایەنێکەوە کڕین و فرۆشتنیان پێدەکرێت. بۆ ئەم ھەڵبژاردنەش ئامێری پێشکەوتو بەکاردەھێنرێت بۆ رێگری لە ساختەکاری.

ژیار دزەیی، پسپۆڕی پرۆسەی هەڵبژاردن دەڵێ: "هەڵبژاردنی ئەمجارە، چونکە بەشێوەی بازنەیە هەندێک کاندید و لایەنەکان لە ئێستاوە هەوڵی ساختەکاری و کڕینەوە کارتەکان دەدەن، ئەوە دەچێتە چوارچێوەی سەرپێچی یاسایی".

گوتیشی: "بەپێی زانیارییەکانی من، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی گرێبەستی کردووە، سیستمێک دانراوە هیچ کەس ناتوانێ دوو دەنگ بدات، لە رێگەی پەنجەمۆر دەنگەکان جیادەکرێنەوە".

ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، وەک رێگایەک بۆ چارەسەری کێشەکان دەگیرێتە بەر، بەڵام بەشێک لەلایەنەکان دژی ئەوەن ھەڵبژاردن لەو وادەیە بکرێت.