بەهۆی تۆپبارانی تورکیا هاووڵاتییەک لە سنووری کانی ماسێ برینداربوو

لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات برینداربووە
وێنەی ئەو هاووڵاتییەی برینداربوو
وێنەی ئەو هاووڵاتییەی برینداربوو

K24 – دهۆک

هاووڵاتییەکی دانیشتووی سنووری ناحیەی کانی ماسێ بەهۆی تۆپبارانی تورکیا برینداربوو.

سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بە کوردستان24 رایگەیاند: "کەمێک پێش ئێستا، بەهۆی توپبارانی سوپای تورکیا لە سنووری گوندی (هرورێ)ی سەر بە ناحیەی کانی ماسێ، هاووڵاتییەک بەناوی (رەمەزان عەلی عەبدولرەحمان)ی تەمەن 60 ساڵ کە شوانکارە و لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕەکانی لەنێو گۆڕستانی گوندەکە، کە تەنیا 300 مەتر لە گوندەکە دوورە، بەهۆی تۆپبارانی تورکیا برینداربوو".

روونیکردەوە: "ئەو هاووڵاتییە لە سێ شوێنی جەستەکەیدا بریندار بووە،و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ کرا".

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەیەکە شەڕی پەکەکە و تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی بادینان پەرەی سەندووە، جگە لە زیانی گیانی چەند گوندێکی ناوچەکە چۆڵکراون و بەشێکی پوش و پاوانی ئەو دەڤەرەش سووتاوە.