دەستەی وەبەرهێنان پڕۆژەکان دەباتە شارەدێ و شارۆچکەکان

چەندین پلان بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان لە شارەدێ و شارۆچکەکان ئامادەکراوە
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

دامەزراندنی ژێرخانی وەبەرھێنان و ئابوورییەکی بەھێز، یەکێکە لە بەڵێنەکانی کابینەی نۆیەم  کە ئێستا ھەنگاو بە ھەنگاو نزیک دەبێتەوە لە جێبەجێکردنی، دەستەی وەبەرھێنان لەدوای جێبەجێکردنی ھەزاران پڕۆژە لە سەر ئاستی پارێزگاکان  لەمەودوا پڕۆژەکان دەباتە گوند و شارەدێی و شارۆچەکەکان، بۆ ئەمەش ڕێنوێنی بۆ وەبەرھێنەران دەردەکات.

بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری و پڕۆژەی بەردەوام دەستەی وەبەرھێنان پلانێکی نوێ بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژە لە گوند و شارۆچکەکان ڕادەگەیەنێت، ھەر وەبەرھێنەرێک ئامادەیی جێبەجێ کردنی ئەم پلانەی ھەبێت پاڵپشتی زیاتر لە دەستەی وەبەر ھێنان وەردەگرێت، بەراورد بەو وەبەرھێنەرانەی لە ناو شارە گەورەکان پڕۆژە جێبەجێ دەکەن.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رێنمایی ژمارە 2ی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانی دەرکردووە، بۆ پێدانی ئیمتایازات بە ناوچەکانی دیکە ئەو شوێنانەی لە دەروەی شارەکانن ئیمتیازاتی زئاتریان پێدەدرێت، بۆ ئەوەی لەو سنوورانە پڕۆژەی زیاتر جێبەجێ بکرێت".

گوتیشی: "ئێستا خەریکی داڕشتنی نامیلکەیەکین بۆ وەبەرهێنان لە قەزا و ناحییەکان، لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت، کە لەگەڵ رێبەری وەبەرهێنان و رێنماییەکان دەبێتە چەند کتێبێک و دەیخەینە بەردەستی وەبەرهێنەران".

ھەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەم،  ھاوبەشی کردنە لەنێوان کەرتی گشتی و تایبەت، بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی مەبەستێتی بۆ ئەمەش پلانی ستراتیجی وەبەرھێنانی لە ھەرێمی کوردستان داناوە، ئەندامێکی لیژنەی وەبەرھێنانی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە ئەوەی کابینەی نۆیەم کردویەتی تا ئێستا گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بەو داھاتە سنوردارەی کە لە بەردەستێتی.

دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، جگە لەوەی پلانی ستراتیجی دەسەڵاتی وەبەرھێنانی داڕشتووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا  تا ئێستا رێنوێنی جێبەجێ کردنی پڕۆژەی لە پارێزگاکان بۆ ساڵی 2021 دەرکردووە، رێنوێنی پڕۆژەی گوند و شارۆچەکە بچوکەکانیش دەخاتە بەردەست وەبەرھێنەران،  جگە لەوە زیاتر لە 1500 پڕۆژەی وەبەرھێنانی خستووەتە بواری جێبەجێ کردن، لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا بۆ گەیاندنی خزمەتی زیاتر لە ناوچە دوورە دەستەکان سێ نووسینگەی وەبەرھێنان لە ھەر یەک لە پارێزگای ھەڵەبجە و قەزاکانی سۆران و زاخۆ  دەکاتەوە.