تەقەکەرەکانی گەڕەکی بەختیاری هەولێر دەستگیرکران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەقەیان کردبوو
هێزەکانی پۆلیسی هەولێر - ئەرشیف
هێزەکانی پۆلیسی هەولێر - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاشکرای کرد، ئەو کەسانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی بەختیاری تەقەیان کردبوو، چوار کەسن و هەموویان لەلایەن هێزەکانی پۆلیس دەستگیرکران.

عەمید دلێر نەجار، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار کەس لە گەڕەکی بەختیاری شاری هەولێر تەقەیان کرد بوو، هێزەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و سەرجەم تەقەکەرەکانیان دەستگیرکردووە".

راشیگەیاند: "تەقەکەرەکان بە ناوەکانی (ر.ز.ز) و (ا.س ا) و (م.ز.ا) و (گ.ز.ا) کە دانیشتووی هەولێرن، راگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە، و بەپێی یاسا رێکاری یاساییان لەگەڵ دەکرێت".