وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق: ژماره‌ى دانیشتوانى وڵات گه‌یشته 40 ملیۆن كه‌س
K24 - هه‌ولێر:
به‌پێی لێدوانێكى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق، رێژه‌ى دانیشتوانى عێراق كردووه بۆ ساڵى 2021، گه‌یشتووه‌ته 40 ملیۆن و 150 هه‌زار كه‌س.
عه‌بدولزه‌هره هینداوى، گوته‌بێژى وه‌زره‌تى پلاندانانى عێراق له لێدوانێكیدا رایگه‌یاند، ژماره‌ى دانیشتوانى به‌غدا گه‌یشتووه‌ته 8.5 ملیۆن كه‌س، دواى به‌غدا، موسڵ و به‌سره چڕى دانیشتوانیان به‌رزه، پاشان هه‌رێمى كوردستان دێت، كه ژماره‌ى دانیشتوانى 5.5 ملیۆن كه‌سه.
گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق راشیگه‌یاند، به‌پێى پێوه‌ره‌كانى وه‌زاره‌تى پلاندانان، ژماره‌ى دانیشتوانى به‌غدا گه‌یشتۆته 8 ملیۆن و 558 هه‌زار 625 كه‌س، به به‌راورد له‌گه‌ڵ رووبه‌رى شارى به‌غداش، ژماره‌كه زیادى كردووه، كاتێك رووبه‌ره‌كه 204.2 كیلۆمه‌تر دووجایه، له به‌راوردكردنی خاكه‌كه‌ى ژماره‌ى دانیشتوانى به‌غدا ئێجگار زیادى كردووه.
گوتیشى: مووسڵ دووه‌م گه‌وره‌ترین شارى عێراقییه، كه ژماره‌ى دانیشتوانى 3 ملیۆن و 928 هه‌زار و 215 كه‌سن، هه‌روه‌ها شاری به‌سره‌ش 3 ملیۆن و 63 هه‌زار و 59 كه‌سی تێدا ده‌ژى.
هینداوی روونیكرده‌وه، ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ئامارێكى ساڵى 2020، گه‌یشتووه‌ته 5 ملیۆن و 591 هه‌زار و 723 كه‌س.
دواین ئامار كه وه‌زاره‌تى پلاندانانى ئه‌وساى عێراق ئه‌نجامى دابێت، ساڵى 1997 بوو، كه ژماردنه‌كه پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستانى نه‌گرتووه‌ته‌وه، ئه‌و كات دانیشتوانى عێراق 19 ملیۆن كه‌س بووه، مه‌زنده‌ش ده‌كرێت، دانیشتوانى هه‌رێمى كوردستان له ساڵى 1997 نزیكه‌ى 3 ملیۆن كه‌س بووبێت.
ئاماره‌كانى دانیشتوانى عێراق بریتیه له:
له ساڵی 1927، ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق 2 ملیۆن و 968 هه‌زار و 54 كه‌س بووه.
له ساڵی 1943، ژماره‌ی دانیشتوان 3 ملیۆن و 213 هه‌زار كه‌س و 174 كه‌س بووه.
له ساڵی 1947، ژماره‌ی دانیشتوان 4 ملیۆن و 816 هه‌زار و 185 كه‌س بووه.
له ساڵی 1957، 6 ملیۆن و 536 هه‌زار و 109 كه‌س بووه.
له ساڵی 1965، ژماره‌ی دانیشتوان 8 ملیۆن و 261 هه‌زار كه‌س بووه.
له ساڵی 1977، 12 ملیۆن و 497 هه‌زار كه‌س بووه.
له ساڵی 1987، 16 ملیۆن و 335 هه‌زار كه‌س بووه.
له ساڵی 1997، 19 ملیۆن و 184 هه‌زار و 543 كه‌س بووه.
له ئێستاشدا ژماره‌ى دانیشتوانى عێراق گه‌یشتووه‌ته 40 ملیۆن كه‌س، كه كاریگه‌رى له‌سه‌ر ره‌وتى ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تى، سیاسى و جوگرافیش كردووه.
ك.ب