یەکێتی ئەوروپا بڕیارێکی گرنگی لەبارەی قەیرانی دارایی کوردستان دا

"پرسی هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووریی و دارایی چووەتە ئەجێندای سیاسی یەکێتییەکەوە"

K24-ھەولێر

نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا هەوڵی هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدات بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا دلاوەر خالید ئاژگەیی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "بۆ یەکەم جار لە کۆبوونەوەی فەرمی کۆنسەی یەکێتی ئەوروپا (کۆبوونەوەی فەرمی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا) کە دوێنێ دووشەممە لە برۆکسل بەڕێوەچوو، یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا هەوڵی هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدات بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی".

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا دەشڵێ: "ئەم بڕیارە دەریدەخات کە پرسی هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووریی و دارایی، چووەتە ئەجێندای سیاسی یەکێتییەکەوە، ئەوەش لە ماوەی رابردوودا هەوڵی زۆری لۆبی بۆ دراوە لە هەولێر و برۆکسل و پایتەختەکانی دیکەی ئەوروپا و بە دڵنیاییەوە ئاکامی باشی دەبێ".

نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا ئاماژەش دەکات: "لەم بڕیارە ئاماژە کراوە بە هەریەک لە بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی نەختی نێودەوڵەتی ئەوەش بەو مانایە دێ یەکێتی ئەوروپا پشتگیریی پێدانی قەرز بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە لایەن ئەو دوو رێکخراوەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان و تێچووی شەڕی داعشەوە دووچاری قەیرانی دارایی بووەتەوە و چەند مانگێکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی فەرمانبەرانی نەداوە.

ئا: ئا ، ف