سەفین دزەیی: دواكەوتنی مووچە مەرامی سیاسی لە پشت نییە
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رەتیكردەوە، دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران مەرامی سیاسی لە پشت بێت رایگەیاند، پڕۆسەی گەڕانەوەی پارە نەوت لانیكەم یەك مانگ و نیوی دەوێت، تا ئێستا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری نەكردوەتەسەر داھاتی ھەرێمی كوردستان.
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیاند: "هۆکاری دواکەوتنی مووچە بریارێکی سیاسی نییە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش کاریگەری لەسەر داهاتی حکوومەت نەکردوە چونكە پرۆسەی گەڕانەوەی پارەی فرۆشراوی نەوت کاتی زۆری پێوستە، ئەو پارەی ئێستا دێتە دەست ھی نەوتی یەك مانگ و نیو پێش ئێستایە، ئەگەر نرخی نەوت بەرداوام بێت لە بەرزبوونەوە بێگومان داھاتیش زیاد دەبێت، ئەو كاتە دەكرێت زوتر مووچەكان بدرێت".
روونیكردەوە: "ئەوەی لە ھەندێك كەناڵ و ناوەند باسدەكرێت مەرامی سیاسی لە پشت دواكەوتنی مووچەیە، وەكو حكوومەت لێرە دەڵێم، بە ھیچ شێوەیەك ئەو ھەواڵە راست نییە، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێكھاتەی چەند ھێزێكی سیاسییە، ئەو ھێزە سیاسیانە بەرپرسن بەرامبەر بە دەنگدەرانیان، ھیچ كات حكوومەتی ھەرێم و ھیچ ھێزێكی سیاسی رێگە بەخۆینادات یاری بە قوتی ھاووڵاتیان بكات، ئەو ھەواڵە بوختان ئامێزە و ئێمە رەتیدەكەینەوە".