حکومەت و پەرلەمان گفتوگۆ لە بارەی مووچە و داهات دەکەن

داوای رێکخستنەوەی باج و رێگریکردن لە قاچاغچێتی دەکرێت
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە پەرلەمانی کوردستان دوو جۆر واژۆ کۆکراوەنەتەوە، بۆ ئەوەی پەرلەمان و حکومەت گفتوگۆ لەبارەی ھۆکارەکانی لێبرینی مووچە و  قاچاخچیەتی و  کۆکردنەوەی داھاتەکان بکەن، چاوەرێ دەکرێت لە دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە بەغدا ئەو کۆبوونەوەیە بەرێوەبچێت.

پەرلەمانتاران داوایان کردووە، لە دانیشتنی داهاتوودا حکومەت و پەرلەمان  گفتوگۆ لەبارەی ھۆکارەکانی لێبرینی مووچە و قاچاخچیەتی خاڵە سنوورییەکان و ئەنجامی رێککەوتنەکانی ھەولێر و بەغدا بکرێت.

رێواز فایەق، پەرلەمان سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: "لە لایەک 56 پەرلەمانتار داوایانکردووە بەبێ ئامادەبونی حکومەتیش پەرلەمان بڕیار بدات، 65 پەرلەمانتاری دیکەش داوایان کردووە بە ئامادەبوونی حکومەت پەرلەمان کۆببێتەوە".

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "یاداشتێکمان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و گفتوگۆمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کردووە، سەرۆکی پەرلەمان پێی گوتین کۆبوونەوەی داهاتوو لەسەر دۆخی لێبڕین مووچە دەبێت".

گوتیشی: "چارەسەری مووچە روونە، بە کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان، پێداچوونەوە سیستمی باج، جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و پێداچوونەوە بە خەرجی و ئیراداتی نەوت دەتوانرێت چارەسەری کێشەی مووچە بکرێت، هەروەها بوژانەوەی گەورەش لە هەرێمی کوردستان دێتە ئاراوە".