داهاتی یەک مانگی نەوتی عێراق نزیکەی شەش ملیار دۆلارە

کۆی هەناردە لە مانگی رابردوو زیاتر لە 89 ملیۆن 881 هەزار بەرمیل نەوت بووە
نەوتی عێراق
نەوتی عێراق

K24 - هەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری فرۆش و داهاتی نەوتی بۆ مانگی ئایار بڵاوکردەوە، کە داهاتی نەوتی لە شەش ملیار دۆلار نزیکبووەتەوە.

وەزارەتی نەوت لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە گوێرەی ئامارە بەراییەکانی کۆمپانیای سۆمۆ، کۆی هەناردە لە مانگی رابردوو زیاتر لە 89 ملیۆن 881 هەزار بەرمیل نەوت بووە. داهاتی فرۆشی ئەو بڕەش پێنج ملیار و 882 ملیۆن دۆلار بووە.

لەداتاکانی سۆمۆدا هاتووە، کۆی هەناردە لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوور و ناوەڕاست 86 ملیۆن و 820 هەزار بەرمیل بووە، هەروەها فرۆشی نەوتی کەرکووکیش لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیەوە زیاتر سێ ملیۆن و 60 هەزار بەرمیل نەوت بووە.

هاوکات لە داتاکاندا هاتووە، تێکڕای فرۆشی رۆژانە دوو ملیۆن و 899 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتیش بە 65.459 دۆلار فرۆشراوە.