عێراق.. هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام نەدراوە

"پێشبینی ناکه‌م لەو شەش مانگەی ماوە هیچ پڕۆژەیەک دەست پێ بکات"
گۆڕه‌پانی ته‌حریر له‌ به‌غدا
گۆڕه‌پانی ته‌حریر له‌ به‌غدا

K24 - هه‌ولێر:

سەرەڕای ئەوەی خه‌ریكه‌ نیوەی یەکەمی ئەمساڵ کۆتایی دێت و یاسای بودجە لە مانگی ئاداری رابردوو پەسەندکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا کارکردن لە هیچ پڕۆژەیەک لە کەرتە جیاوازەکان له‌ عێراق دەستی پێنەکردووە، بە تایبەت لە کەرتە خزمەتگوزارییەکان، دیارترینیشیان تەندروستی، کە ئێستا رووبەڕووی گوشاری شەقام بووەتەوە، هاوکات هیچ پڕۆژەیەکی رێگەوبان و پردەکانیش دەستی لێ نەدراوە.

بەم دواییە بەرپرسان ئاشکرای دەکەن، نزیکەی 6 هه‌زار و 250 پڕۆژە لە زۆربەی کەرتەکانی تەندروستی، پەروەدە، نیشتەجێبوون، گواستنەوە، ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا و کەرتەکانی گەشەپێدان دووچاری کێشە بوونەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ کەمی بودجەکانیان و دابیننەکردنی شایستەی دارایی دەگەڕێننەوە.

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی عێراق، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ "عەرەب ئەلجەدید" ئاشکرای كرد، ئەو بڕەی لە بودجەی گشتی ئەمساڵ تەرخانکراوە، بەراورد بە ساڵانی رابردوو 10%ی کۆی گشتی بودجە تێپەڕ ناکات، کە قەبارەکەی نزیکەی 88 ملیار دۆلارە، ئەوەش لە چوارچێوەی دیدگای حکومەتە بۆ ئەوەی قەیرانی دارایی تێپەڕێنێت، کە بەهۆی داکەوتنی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دووچاری بووە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە، درەنگ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە، چەندین کێشەی کارگێری بەدوای خۆیدا هێناوە و وایکردووە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کار لە هیچ نەکرێت. پێشبینیش ناکات لەو شەش مانگەی ماوە هیچ پڕۆژەیەک دەست پێ بکات، هۆکاری سەرەکیشی بۆ کەمی کات و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەگەڕێنێتەوە، کە دوای ئەوەی حکومەت دەبێتە کاربەڕێکەر، کەشێکی نادڵنیایی سیاسیی و ئەمنی باڵ بەسەر زۆربەی ناوچەکانی عێراقدا دەکێشێت.

عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرای كرد، لە بڕگەکانی یاسای بودجەی 2021ـدا هیچ پڕۆژەیەکی نوێی خزمەتگوزاری جێگەی نەکراوەتەوە، بەڵکو تەنیا تیشک لەسەر تەواوکردنی پڕۆژە تەواو نەکراوەکان کراوە. بە گوتەی "هینداوی"، پڕۆژە تەواو نەکراوەکان لە عێراق گەیشتووەتە 6 هه‌زار و 500 پڕۆژەی گەورە و مامناوەند و بچووک، کە بە لایەنیکەمەوە پێویستیان بە نزیکەی 125 تاوەکو 130 ترلیۆن دینارە بۆ ئەوەی تەواو بکرێن، بۆیە حکومەت تیشکی خستووەتەسەر گرنگترینیان.

کامل غەریری، پەرلەمانتاری عێراقیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، عێراق پێویستی بە چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری هەیە، بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکانی پڕ بکاتەوە، وەک دامەزراندنی ناوەندی تەندروستی و نەخۆشخانە و ژێرخانی ئابووری، ئەو پڕۆژانە پێویستیان بە شایستەی دارایی هەیە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، بەڵام لە بودجەدا شایستەی پێویستیان بۆ تەرخان نەکراوە، داوا لە حکومەت و وەزارەتی پلاندانان دەکات، جارێکی دیکە چاو بە خشتەی پڕۆژەکان دابخشێننەوە، بۆ ئەوەی شایستەی پێویست بۆ پڕۆژەکان دابین بکرێت، کە لە ئاست داواکاری عێراقییەکان بن.

 

د.ی