"ئێران دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆ قبوڵ دەكات"

"مامەڵە لەگەڵ واقیع دەكات"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە بارەی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە باشووری كوردستان و كاردانەوەكانی وڵاتانی دراوسێ بە گشتی و ئێران بە تایبەتی، ژمارەیەك لە سیاسەتمەداران رایانوایە كۆماری ئیسلامی ئێران مامەڵە لەگەڵ واقیع دەكات و دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆ قبوڵ دەكات.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) خالید عەزیزی، سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ھەرێمی كوردستان دەستەڵات و سەرەوەریی و ھێزی نیزامی و ئابووریی و دارایی خۆی ھەیە و وڵاتان نوێنەرایەتیان لە ھەولێر ھەیە، ئێران ناتوانی رای خۆی فەڕز بكات و پێشی پێبگرێت، پێم وایە لە كۆتایدا كۆماری ئیسلامی ئێران ناچار بە سازش دەبێت و ئەو واقیعە قبوڵ دەكات".

ھەر لەسەر ئەم پرسە مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "كۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەوە بە مافی گەلان دەزانێت، وەكو دەوڵەتێك كە رۆڵی گرنگی ھەیە لە ناوچەكەدا، دركی بە واقیعی ھەرێمی كوردستان و ماف و ئازادییەكانی خەڵك دەكات".

دوكتور دلاوەرعەلائەدین، بەرپرسی ئەنیستیتۆ مێری گوتی: "ئێران مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە نوێیەدا دەكات، ئەوەی بە لایەوە گرنگە دەوڵەتی كوردی نەبێتە مەترسییەك بۆ دەوروبەر و دراوسێكانی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی، ئەركی كوردە دەوڵەتی ئێران دڵنیا بكاتەوە".

ئەمە لە كاتێكدایە ئێستا لە باشووری كوردستان ئامادەكاریی دەكرێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، زۆر كەسیش پێیانوایە ھەنگای دوای ریفراندۆم راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان دەبێت لە باشووری كوردستان.