کۆرۆنا سێ ملیار دۆلار زیانی بە کەرتی گەشتیاری عێراق گەیاندووە

زیانەکانی عێراق لە وڵاتانی دیکە زیاترە
دەروازەی سنووری شەلامجە لە پارێزگای بەسرە، لەنێوان عێراق - ئێران
دەروازەی سنووری شەلامجە لە پارێزگای بەسرە، لەنێوان عێراق - ئێران

K24 - هەولێر

لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کردووە، زیانەکانی دوو ساڵی رابردوو بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵی بە نزیکەی سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

حامد موسەوی، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژە بەوەدەدات، زۆرینەی وڵاتان بەهۆی کۆرۆناوە لە تەندروستی و ئابووریدا زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، بەڵام زیانەکانی عێراق زیاتر بوون بە تایبەت لەلایەنی ئابوورییەوە.

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، زیانەکان بۆ سەر کەرتی گەشتیاریی و بە تایبەت گەشتیاری ئایینی زۆر زیاتر بووە، هۆکاری سەرەکیشی بۆ رێکارەکانی قەدەغەی گەشتکردن گەڕاندەوە، هەربەوهۆیەوە لێکەوتەی نەرێنی لەسەر ئابووری هەبوو.

ئەوەشی خستەڕوو، کەرتی گەشتیاری لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی کۆرۆناوە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، هەروەها زیانەکان بۆ سەر کەرتەکانی پیشەسازی و بازرگانی زۆر گەورەن، بەڵام تاوەکو ئێستا خەمڵاندنیان بۆ نەکراوە و پێشبینی دەکات لە ساڵانی ئایندە روون بکرێنەوە.