کچە کاندیدێکی فینلەندی بە زمانی کوردی رێکلامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ خۆی دەکات

"لە کوردستان و هەر شوێنێکی دیکە بێت پشتیوانی لە بزووتنەوەی دیموکراسیخوازی دەکەم"
"نانا بلۆمکویست"، کاندیدی پارتی هاوپەیمانی چەپەکان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی فینلەندا
"نانا بلۆمکویست"، کاندیدی پارتی هاوپەیمانی چەپەکان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی فینلەندا

K24 – ئه‌وروپا:

"نانا بلۆمکویست"، کاندیدی پارتی هاوپەیمانی چەپەکان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی فینلەندا، لە شاری تورکۆ، کە دووەم گەورەترین شاری فینلەندایە و خۆی هەڵبژاردوە و پۆستەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی بەزمانی کوردی بڵاودەکاته‌وه‌.

نانا، بە کوردستان24ی راگەیاند، ژمارەیەکی زۆری کورد لە شاری تورکۆ دەژین و مافی دەنگدانیان هەیە، بۆیە هەڵمەتی هەڵبژاردنم بە زمانی کوردیش ئه‌نجام دا، بۆ ئەوەی دەنگم بگاتە ئەو کوردانەی لێرە دەژین، من تا رادەیەک پەیوەندیم لەگەڵ هەندێکیان باشە، بۆ ئەوەی پەیامی منیان پێبگات، کە کار بۆ یەکسانی و دادپەروەری نێوان مرۆڤەکان دەکەم. ئێمە لە پارتی چەپ، ژنێکی کوردمان لەگەڵە ئەویش کاندیدە، پێموایە زۆربەی ئەو کوردانەی کە دەنگ بە چەپەکان دەدەن، دەنگ دەدەنە ئەو، بەڵام ئەگەر دەنگیش نەدەنە من خۆم دەمەوێت پەیامی خۆم بەزمانی کوردیش بگەیەنم، کە گەیاندنی پرەنسیپ و بیروباوەڕەکانمە.

لە بارەی به‌ده‌ستهێنانی متمانەی خەڵک بەرنامە و هاوکاری پەنابەران و رەوەندی کوردی، "نانا بلۆمکویست" گوتی: ئەوە هەڵبژاردنی شارەوانییە و ناتوانین کاری گەورە بکەین، لە دەرەوەی سنووری شارەکەمان. لێرە شارەوانییەکان بڕیار لە کۆمەڵێک بابەتی لۆکاڵی وەک خوێندن و رێگاوبان و چالاکی گەنجان و پلانی شار و بابەتی دیکە دەدەن.

گوتیشی: لە کوردستان و هەر شوێنێکی دیکە بێت، پشتیوانی لە بزووتنەوەی دیموکراسیخوازی دەکەم و باوەڕم بەوه‌ هەیە، کە کورد دەبێت مافی خۆبەڕێوەبەری و ئۆتۆنۆمیان هەبێت. ئێمە دەبێت هەوڵبدەین لە فینلەندا هێزە دژە دیموکراتییەکان گەشە نەکەن، لە دوو ساڵی داهاتوودا راستڕەوەکان دەنگی زیاتر لە پەرلەمان نەهێنن. ئەگەر ئەوان سەربکەون ئەوا بۆ پەنابەران و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان باش نابێت.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی فینلەندا 4 ساڵ جارێک و لە سێهەم یەکشەمەی مانگی نیسان بەڕێوەدەچێت، گەر لەورۆژەدا جەژن بێت، هەفتەی دواتر ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، دواخرا بۆ 13ی حوزەیرانی 2021، ژمارەی شارەوانییەکان بۆ هەڵبژاردن 309 شارەوانییە. ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەکانیش بەپێی سەرژمێری شارەوانییەکە دیاریدەکرێت، لە بچوکترین شارەوانی کە 13 ئەندامە، تا گەورەترین، کە دانیشتوانی لە 500 هەزار زیاتر بێت، ژمارەی ئەندامەکان 79 کەسدەبن.

پۆسته‌ری
پۆسته‌ری "نانا بلۆمکویست"، کاندیدی پارتی هاوپەیمانی چەپەکان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی فینلەندا

 

د.ی