شەڕی داعش زیانێکی زۆری بە خەڵکی نه‌ینه‌وا گه‌یاندووه‌

زیاتر لە 50 هەزار کەسی زیانلێکەوتوو خۆیان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ تۆمارکردووه‌
زیانلێكه‌وتووانی مووسڵ قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه‌
زیانلێكه‌وتووانی مووسڵ قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانێکی زۆر بە خەڵکی پارێزگای نەینەوا گەیشتووە، فەرمانگەی قەرەبووکردنەوەکانیش لە پارێزگاکە، مامەڵەی یاسایی زیاتر لە 50 هەزار کەسی زیانلێکەوتوویان تۆمارکردووە، بەڵام حکومەت هیچ بڕە پارەیەکی بۆ قەرەبووکردنەوەیان خەرج نەکردووە.

لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ئەمساڵی عێراقدا، بڕیاردراوە بەشێوەی قیست قەرەبوو بکرێنەوە، ئەمەش بووەتە مایەی سەرسوڕمان و رەخنەی زیانلێکەوتووان و تەنانەت بەرپرسانی خۆجێی پارێزگاکە.

هەزاران کەس لە خەڵکی پارێزگای نەینەوا چاوەڕێ دەکەن، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبوو بکرێنەوە، کە بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانی زۆرییان پێگەیشتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکیان وەرنەگرتووە، حکومەتیش بڕیاریداوە بەشێوەی قیست قەرەبوویان بکاتەوە، ئەمەش بووەتە مایەی سەرسوڕمان و رەخنەی زیانلێکەوتووان و تەنانەت بەرپرسانی خۆجێی پارێزگاکە.

بەرپرسێك لە لیژنەی قەرەبووکردنەوە لە پارێزگای نەینەوا ئاشکرای كرد، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە هەر 3 مانگ جارێک بڕە پارەیەک بۆ زیانلێکەوتووان خەرج بکات، بەڵام بڕەکەی نازانرێت، لەوانەشە پڕۆسەکە 3 ساڵ بخایەنێت.

هەرلەمبارەیەوە "نەجم جبوری"، پارێزگاری نەینەوا سەرسوڕمانی و ناڕەزایەتی توندی لەو هەنگاوەی حکومەت دەربڕی و رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی دیاریکراوە، لە ئاست ئەو هەموو وێرانکارییەدا نییە، کە بەهۆی شەڕی داعشەوە تووشی پارێزگاکە هاتووە.

وەک خەڵکی موسڵ باسیدەکەن، بەهۆی هاتنی داعش و شەڕی رزگارکردنەوە، زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و خانوو و دوکانەکانیان رووخاوە و ئۆتۆمبێلەکانیان سووتاوە، بەڵام تا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە.

فەرمانگەی قەرەبووکردنەوەکانیش لە پارێزگاکە، مامەڵەی یاسایی زیاتر لە 50 هەزار کەسی زیانلێکەوتوویان تۆمارکردووە، بەڵام حکومەت هیچ بڕە پارەیەکی بۆ قەرەبووکردنەوەیان خەرج نەکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی گشتی، حکومەتی عێراق بڕی 60 ملیار دینار، کە دەکاتە نزیکەی 40 ملیۆن دۆلار، بەشێوەی قیستی مانگانەی 2 ملیاری بۆ زیانەکانی پارێزگای نەینەوا تەرخانکردووە.

 

د.ی