دۆخی ئەمنی و سیاسی کەرکووك بەرەو خراپبوون دەچێت

لایەنە سیاسییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی بەم دۆخە هەڵبژاردن بەڕێوەناچێت
پارێزگای كه‌ركووك
پارێزگای كه‌ركووك

K24- هه‌ولێر:

دۆخی کەرکووك دۆخێکی نائاساییە و مانەوەی دۆخەکە وەك خۆی و خراپتر بوونی، رێگە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاك و بێگەرد دەگرێت، پارتی و یەکێتی لەمەدا کۆکن و رایانوایە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا هیچ مانایەك بۆ هەڵبژاردن نامێنێتەوە.

بارودۆخی کەرکووك لە ئاستێکدایە، کە ئەگەر تا کاتی هەڵبژاردن بەم شێوەیە بەردەوام بێت، دوور نییە هیچ مانایەك بۆ هەڵبژاردن بمێنێتەوە، هەڵبژاردنەکە دوور دەبێت لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، بەتایبەت کە هێشتا ماوە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن.

هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی گوتی: "ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا له‌ كه‌ركووك هه‌یه‌، گوزارشت له‌ بارودۆخێك ده‌كات، كه‌ عه‌سكارتاریه‌ت هه‌یه‌، داگیركردن هه‌یه‌، بوار بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان وه‌ك یه‌ك نییه‌ تا به‌ ئازادی كار بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی دیموكراسی و ده‌ستووری عێراقیش یه‌كناگرێته‌وه‌".

یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە راگەیاندراوی ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، کە مانەوەی دۆخی نائاسایی و عەسکەرتارییەتی کەرکووك رێگە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد دەگرێت، بەم شێوەیە پارتی و یەکێتی لەسەر دۆخی نائاسایی کەرکووك و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کۆکن.

ئازاد جۆڵا، چاودێری سیاسی گوتی: "هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق تێبینی زۆری له‌سه‌ر هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نیگه‌رانن له‌ میكانیزمی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ و له‌ رابردووداشدا بینیومانه‌ هه‌ڵبژاردنی عێراق پاك و بێگه‌رد نه‌بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ململانێیه‌كی زۆری نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی له‌و وڵاته‌ هه‌یه‌، سه‌باره‌ت به‌ كورد، ناوچه‌ كوردستانییه‌كان له‌ مه‌ترسی دایه‌، ئه‌مه‌ش بۆ كورد گرنگه‌، له‌ رووی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی خاكه‌كه‌".

مانەوەی دۆخەکە وەک خۆیی و خراپتربوونی لەکەرکووك، دوور نییە بایکۆتی هەڵبژاردن لەلایەن لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانەوە بێتە پێشەوە، ئەگەرچی کورد پێداگری دەکات کوردستانیبوونی کەرکوک لە رێی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسییەکانی ئەو پارێزگایە بسەلمێنێت.

د.ی