پەیامێكی بەپەلە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە

"داوا لە رێكخراوە نێودەدەوڵەتییەكان دەكەین، بەجدی كار بۆ بنبڕكردنی هۆكارەكانی ئەم جۆرە رووداوانە بكەن"
ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی داوای به‌هانه‌وه‌چوونی كه‌مپی شاریا ده‌كات
ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی داوای به‌هانه‌وه‌چوونی كه‌مپی شاریا ده‌كات

K24- هه‌ولێر:

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، له‌ په‌یامێكدا داوایه‌كی به‌په‌له‌ی له‌ رێكخراوه‌ جیهانی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان كرد، كه‌ بەجدی كار بۆ بنبڕكردنی هۆكارەكانی ئەم جۆرە رووداوانە بكەن، چارەسەرنەكردنی كێشە بنەڕەتییەكانیان ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە چاوەڕوانكراو دەبێت.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانیدا هاتووه‌، داوا لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی عێراق دەكەین كەمتەرخەمی نەنوێنێت و بە هەستێكی مرۆیی باڵاوە هەنگاوی پێویست و پەلە بهاوێژێت بۆ باشتركردنی ژیانی ئاوارەكان لە نێو كەمپەكان و پێداویستییە سەرەكیەكانی وەكو خێوەت و كارەبا و ئاگركوژێنەوەیان بۆ دابین بكات تاكو رێگە لە دووبارەبوونەوەی كارەساتی وا بگرن.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی:

بەداخەوە ئەمڕۆ رێككەوتی 4/ 6/ 2021 بەهۆی رووداوێكی ئاگركەوتنەوەوە لە كەمپی ئاوارەكانی شاریا لە سنووری پارێزگای دهۆك، زیاتر لە 400 خێوەتی ئاوارەكان سووتان و بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە خێزانەكان بێ ماڵ و حاڵ بوون.

ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەست بە دڵگرانییەكی زۆر دەكەین بەو رووداوەی ئەمڕۆ لەكەمپی ئاوارەكانی شاریا لەدهۆك روویدا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان زیاتر لە 400 خێوەت سووتاوە، وێڕای هاوسۆزیمان بۆ خەڵكی زیان لێكەوتووی كەمپەكە، داوا لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی عێراق دەكەین كەمتەرخەمی نەنوێنێت و بە هەستێكی مرۆیی باڵاوە هەنگاوی پێویست و پەلە بهاوێژێت بۆ باشتركردنی ژیانی ئاوارەكان لە نێو كەمپەكان و پێداویستییە سەرەكیەكانی وەكو خێوەت و كارەبا و ئاگركوژێنەوەیان بۆ دابین بكات تاكو رێگە لە دووبارەبوونەوەی كارەساتی وا بگرن، هاوكات قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانلێكەوتووانیش بكاتەوە.

هەروەها داوا لە ئاژانسەكانی UN و رێكخراوە نێودەدەوڵەتییەكان دەكەین، بەجدی كار بۆ بنبڕكردنی هۆكارەكانی ئەم جۆرە رووداوانە بكەن، بە تایبەت لە سەرەتای وەرزی هاوینداین و چارەسەرنەكردنی كێشە بنەڕەتییەكانیان ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە چاوەڕوانكراو دەبێت.

سوپاسی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری دهۆك دەكەین كە لەسەر خەت بوون بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ئاگركەوتنەوەكە و لەنزیكەوە ئاگاداری بار و گوزەرانی لێقەوماوان بوون.

تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی قەیرانەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا لە خزمەتی زیان لێكەوتوانی كەمپی "شاریا"دان. بەهەموو توانایەكمانەوە كار بۆ چاككردنەوەی قاعیدەی خێوەتەكان و دانانی خێوەتی نوێ و دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكانیان دەكەین.

 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی