راگەیەندراوێك لە لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم

لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان: پێویسته‌ په‌له‌ له‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگال بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر هاووڵاتیانمان نه‌بنه‌ قوربانی
لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم
لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئیدانه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی كرد، كه‌ به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان و جێبه‌جێنه‌كردنی رێككه‌وتنی شنگال، ئاواره‌كانی شنگال و ده‌وروبه‌ری ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدی خۆیان و رۆژانه‌ كوردانی ئێزیدی له‌ ژیانی ئاواره‌ییدا رووبه‌ڕووی چه‌ندین كیشه‌ و نه‌هامه‌تی ده‌بنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ دواجار ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ 500 چادر له‌ كه‌مپی شاریا سووتان.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان:

وەکو لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، بەهەموو شێوەیەك ئیدانەی ئەم بارودۆخە دەکەین، کە رۆژانەو بەشێوەی جیاواز رووبەڕووی خوشك و برا ئێزدییەکانمان دەبنەوە، ئەمڕۆش زیاتر لە 500 چادر لە کەمپی شاریا سووتان، ئەم رووداوە گرنگی و پێویستیی دانوستانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراقی دووپات دەکاتەوە، کە پێویستە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی بۆ شنگال کراوە و رەوشی ئەو ناوچەیە لەڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە کاری لەسەر بکرێت، تاوەکو هاووڵاتییانمان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

لەکۆتاییدا رایدەگەیەنین، کە دۆخی ناوچە کوردستانییەکان پێویستییان بە ئاساییکردنەوەیە و ناکرێ لەوە زیاتر دوابخرێ و هاووڵاتییانمان ببنە قوربانی.

لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان

4ی حوزەیرانی 2021

H.B