دوای رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی شاریا‌ له‌كاره‌كه‌ی دوور خرایه‌وه‌

له‌سه‌ر داواكاری ئاواره‌كان به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی كه‌مپه‌كه‌ گه‌ڕێندرایه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی

كاتی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی كه‌مپی شاریا له‌ سنووری پارێزگای دهۆك
كاتی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی كه‌مپی شاریا له‌ سنووری پارێزگای دهۆك

K24- دهۆك:

دوای رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی كه‌مپی شاریا له‌ سنووری پارێزگای دهۆك، له‌سه‌ر داواكاری ئاواره‌كانی ناو ئه‌و كه‌مپه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپه‌كه‌ له‌كاره‌كه‌ی دوور خرایه‌وه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوو گه‌ڕێندرایه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و كاره‌.

په‌یامنێری كوردستان24 له‌ دهۆك رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له‌كاتی سه‌ردانی عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك بۆ كه‌مپی ئاواره‌كانی شاریا، كه‌ به‌هۆی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌و كه‌مپه‌ و ئاگاداربوون له‌ ورده‌كاری رووداوه‌كه‌ و دۆخی ئاواره‌كان سه‌ردانی ئه‌و كه‌مپه‌ی كردبوو، ئاواره‌كانی ئه‌و كه‌مپه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپه‌كه‌یان به‌ كه‌مته‌رخه‌م ناوبرد و داوایان له‌ پارێزگار كرد، له‌ كاره‌كه‌ی دوور بخرێته‌وه‌ و "هه‌كار محه‌مه‌د ئه‌مین"، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی كه‌مپه‌كه‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی.

دواتریش میلله‌ت عیسمه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی پارێزگای دهۆك له‌ پۆستێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك هه‌واڵی لابردنی به‌ڕێوه‌به‌ری ئێستای كه‌مپه‌كه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی پشتڕاست كرده‌وه‌.

جێگای ئاماژه‌یه‌، ئه‌مڕۆ له‌ رووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌دا له‌ كه‌مپی شاریای سنووری پارێزگای دهۆك، زیاتر له‌ 500 خیوه‌تی ئاواره‌كانی شنگال سووتان، هه‌ر به‌هۆی ئه‌و رووداوه‌ ژماره‌یه‌ك ئاواره‌ش برینداربوون.

دوای ئه‌و رووداوه‌ش، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی خۆی له‌ رووداوه‌كه‌ نیشاندا و ئاماده‌یی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووانی ئاگره‌كه‌ ده‌ربڕی.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیشدا له‌گه‌ڵ پارێزگاری دهۆك، نێچیرڤان بارزانی ئاماده‌یی خۆی و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستانی بۆ هه‌موو هاوکارییه‌ك و یارمه‌تیدانی لێقه‌وماوان و که‌مپه‌که‌ دووپات کرده‌وه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کانی راسپارد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی پێویسته‌ بۆ به‌هاناوه‌چوون و یارمه‌تیدانیان پێشکه‌ش بکرێت.

هاوكات ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، له‌ په‌یامێكدا داوایه‌كی به‌په‌له‌ی له‌ رێكخراوه‌ جیهانی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان كرد، كه‌ بەجدی كار بۆ بنبڕكردنی هۆكارەكانی ئەم جۆرە رووداوانە بكەن، چارەسەرنەكردنی كێشە بنەڕەتییەكانیان ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە چاوەڕوانكراو دەبێت.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانیدا هاتووه‌، داوا لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی عێراق دەكەین كەمتەرخەمی نەنوێنێت و بە هەستێكی مرۆیی باڵاوە هەنگاوی پێویست و پەلە بهاوێژێت بۆ باشتركردنی ژیانی ئاوارەكان لە نێو كەمپەكان و پێداویستییە سەرەكییەكانی وەكو خێوەت و كارەبا و ئاگركوژێنەوەیان بۆ دابین بكات تاكو رێگە لە دووبارەبوونەوەی كارەساتی وا بگرن.

هه‌روه‌ها لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هۆكاره‌كانی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی رووبه‌ڕووی ئاواره‌كانی شنگال ده‌بنه‌وه‌، بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی رێككه‌وتنی شنگال گه‌ڕانده‌وه‌ و ئه‌و دۆخه‌ی به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی به‌جێنگه‌یاندنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ توندی ئیدانه‌ كرد.

H.B