تورکیا گازی زیاتر لە دەریای رەش دەدۆزێتەوە

ئەردۆغان: بە سێ قۆناغ گازی سرووشتیی لەنێو دەریاوە بۆ وشکانیی دەگوازینەوە
دەریای رەش
دەریای رەش

K24 - هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، رایگەیاند، کەشتی فاتیح بۆ ھەڵکەندن، لە بیری ئاماسرا یەک لە کێڵگەی گازی ساکاریا، 135 ملیار مەتر سێجای دیکە گازی سرووشتی دۆزییەوە.

ئەردۆغان گوتیشی: "کۆی گشتیی ئەو گازە سرووشتییەی لە دەریای رەش دۆزیومانەتەوە، گەیشتووەتە 540 ملیار مەتر سێجا، کارەکانی ھەڵکەندن لە دەوروبەری بیری ئاماسرا یەک بەردەوامە".

سەبارەت بە کارەکانی دەرھێنانی گازی سرووشتی لەنێو دەریاوە، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند: "پلانمان وایە بە سێ قۆناغ گازی سرووشتیی لەنێو دەریاوە بۆ وشکانیی بگوازینەوە. قۆناغی یەکەم دامەزراندنی سیستمەکانی بەرھەمھێنانی گازی سرووشتییە لەژێر دەریادا. قۆناغی دووەمیش بریتییە لەو وێستگەیەی کە لە وشکانیدا کار لەسەر گازەکە دەکات و ئامادەی دەکات بۆ بەکارھێنان دوا قۆناغیش بریتییە لەو بۆرییەی کە سیستمی نێو دەریا بە وێستگەی وشکانی دەبەستێتەوە".