نەخۆشییەکی دەگمەن لە گوندێکی سنووری کەرکووک بڵاودەبێتەوە

40 منداڵی گوندەکە جۆرێک لە نەخۆشی کەچەڵی بوون
kurdistan24.net

K24 - کەرکووک

لە گوندێکی سنووری شارۆچکەی دووبز زیاتر لە 40 منداڵ تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بوون، کە جۆرێکی کەچەڵییە، خەڵکی ئەو گوندە هۆکارەکەی بۆ پیسبوونی ژینگەی ناوچەکەیان دەگەڕێننەوە، کە لە ساڵی هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەکاتی شەڕی عێراق و ئێران، مووشەکێکی ئێران بەر گوندەکەیان کەوتووە، لەوکاتەوە نەخۆشییەکە لە گوندەکەیان بڵاوبووەتەوە، بەرپرسی رێکخراوێکی ژینگەییش دەڵێت "ژینگەی گوندەکە پیسە و لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی کارەساتی زیاتری لێدەکەوێتەوە".

لە رێگەی بڵندگۆی مزگەتی گوندی کێف-ی سەر بە شارۆچکەی دووبز لە خۆرئاوای کەرکووک، بانگەوازی کۆبوونەوەی ئەو کەسانە کرا کە تووشی نەخۆشی کەچەڵی بوون، ژمارەیان زیاترە لە 40، بەڵام بەشێکیان بەدەم بانگەوازەکەوە هاتن، زۆرینە منداڵن و تا کۆتایی تەمەنیان بێ قژ دەمێننەوە.

منداڵێکی تووشبووی نەخۆشییەکە بە کوردستان24ی گوت: "هەست بە غەمباری دەکەین کاتێک منداڵەکانی دیکە دەبینین قژیان هەیە و ئێمەش نیمانە، ژینگەی گوندەکەمان زۆر پیسە و دەڵێن هۆکارەکەی ئەوەیە" .

گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت پزیشک بێت و چارەسەرمان بکات، خوشکەکەشم وەک خۆم پرچی نییە، حاڵمان باش نییە و ناتوانین چارەسەر وەربگرین".

گوندی کێف سەر بە شارۆچکەی دووبزە لە خۆرئاوای کەرکووک، بە کێڵگەی نەوتی دەورەدراوە لەنێو گوندەکەش بۆنی ئاوەڕۆ و پاشەڕۆی ئاژەڵ، ژینگەیەکی پیسی دروستکردووە، کە دەگوترێ یەکێک لە هۆکارەکانی کەچەڵبوونی خەڵکەکەیە.

ئەوانەی تووشی نەخۆشییەکە بوون سەرەتا دوو کەس بوون و دواتر ژمارەکە زیادیکردووە، چەند منداڵێکیش بە شێواوی لە دایکبوونە و دواتر گیانیان لەدەستداوە.

مەحموود شەهاب، دانیشتووی گوندی کێف-ە و دەڵێ: "داواکارین تیمێکی تەندروستی سەردانی گوندەکەمان بکات، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کەسانە بکەن کە تووشی ئەو نەخۆشیە بوون و هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکەش دیاری بکرێت".

هەڵۆ غازی، بەرپرسی رێکخراوی دووبز بۆ پاراستنی ژینگە بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەر کەچەڵی نا، بەڵکو ژمارەیەک منداڵ لە گوندەکە بە شێواوی لە دایکبوون، زۆر کەس و تیم سەردانی گوندەکەیان کردووە و بەڵێنی چارەسەریان پێداون، بەڵام هیچیان بۆ نەکردون، بۆیە لەڕێگەی کوردستان24ەوە داوا دەکەین چارەسەرێک بۆ خەڵکی گوندەکە بدۆزنەوە".

خەڵکی گوندەکە هەریەکە و بەجۆرێک باسی هۆکاری تووشبوونی هاووڵاتییان بە نەخۆشییەکە دەکات، بەڵام تائێستا بەشێوەیەکی زانستی لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی نەکراوە، ئەوەی دەگوترێت تەنیا گریمانەی خەڵکەکەیە، بۆیە داوای ئەوان ئاشراکردنی هۆکاری نەخۆشییەکە و چارەسەرکردنێتی.