"بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار کارەساتی لێدەکەوێتەوە"

حکومەتی عێراق چاودێری بازاڕەکان و بانک و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو ناکات
دیناری عێراقی و دۆلار
دیناری عێراقی و دۆلار

K24 - هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "ئەگەر بەهای دۆلار بەمشێوەیە بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، ئەوا شەقام بەرووی مستەفا کازمی-دا دەتەقێتەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایی فراوانتر روودەدات، بە تایبەت لەم چەند رۆژەی دواییدا، بەهۆی ناسەقامگیری بەهای دۆلار بازاڕەکان شڵەژاون".

سالم توفەیلی، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا: "هۆکاری سەرەکی بەردەوامی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، نەبوونی چاودێری راستەقینەی حکومەتە لەسەر بازاڕەکان، هەروەها چاودێری لەسەر بانکە ئەهلی و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو نییە، ئەوان بە خواست و بەرژەوەندی خۆیان یاری بە بەهاکان دەکەن".

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند: "بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و نرخی خۆراکە سەرەکییەکان، هەروەها بەشێك لە بازرگان و خاوەن بانک و نووسینگەکانە، کە پەیوەندیان بە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانەوە هەیە، بۆیە بە ویستی خۆیان بازاڕ کۆنترۆڵ دەکەن".