لە رۆژھەڵاتی كوردستان وەرزی پێگەیشتنی گێلاسە

پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ 20 ھەزار تۆن گێلاس لە باغەكانی پارێزگای ورمێ بەرھەم بێت
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

وەرزی پێگەیشتنی گێلاس لە رۆژھەڵاتی كوردستان دەستیپێكردووە، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ 20 ھەزار تۆن گێلاس لە باغەكانی پارێزگای ورمێ بەرھەم بێت،و لانیكەم بۆ حەوت وڵاتی جیھان ھەناردە دەكرێت، لەگەڵ ئەوەش بەھۆی گرانبوونی ئەو بەرھەمە لەناوخۆ ھاووڵاتییان توانای كڕینیان نییە.

لە وەرزی پێگەیشتنی گێلاس لە رۆژھەڵاتی كوردستان، خەڵكێكی زۆر لە پارێزگای ورمێ بە چنینەوە و بە بازاڕكردنی گێلاس سەرقاڵن، جگە لەوەی سەدان كەس كارێكی وەرزیان دەستكەوتووە، ھاوكات گەشتیارێكی زۆریش تەنیا بۆ گێلاس روویان لە ورمێ و بەتایبەت شنۆ كردووە.

تەنیا لە پارێزگای سنە ھەزار و 993 ھێكتار باغی گێلاسی هەیە، بەرھەمی ساڵانەی گێلاسی ورمێش نزیكەی 20 ھەزار تۆنە، كە لانیكەم بۆ 7 وڵاتی جیھان ھەناردە دەكرێت.

ئەكبەر كەرامەتی، سەرۆكی ناوەندی كشتوكاڵی ورمێ رایگەیاندووە "ئەمساڵ لانیكەم 10 تۆن گێلاس بۆ رووسیا ھەناردە دەكرێت، ئەویتریش بۆ وڵاتانی دراوسێ و كەنداو دەنێردرێت".

ئەگەرچی گێلاسی شنۆ خواستی زۆری دەرەكی لەسەرە، بەڵام بەھۆی گرانی لەناوخۆی رۆژھەڵات كەم كەس دەتوانێ بیكرێت.

بەھۆی زۆری و جیاوازی ئەو گێلاسە، شنۆ بە شاری گێلاس ناسراوە، ساڵانە داھاتێكی زۆری بۆ ناوچەكە ھەیە و گەشتیارێكی زۆریش سەردانی دەکەن، لەگەڵ ئەوەش تاكوو ئێستا شنۆ كارگە و بازاڕێكی ئەوتۆی بۆ بە بازاركردنی بەرھەمەكەیان نییە و خۆیان گوتەنی "داھاتی زۆری ئەو ماندووبوونە بۆ دەڵاڵەكانە".