لە کۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی سان پیتەربورگ زیاتر 800 گرێبەست واژۆکران

13هەزار کەس لە 140 وڵاتی جیاوازەوە بەشداری کۆڕبەندەکە بوون
کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووری سان پیتەربورگ
کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووری سان پیتەربورگ

K24 - مۆسکۆ

24مین کۆڕبەندی ئابووری نێودەوڵەتی سان پیتەربورگ بە تۆمارکردنی ریکۆردێکی نوێ کۆتایی پێهات، سەرەڕای رێکارەکانی تایبەت بە کۆرۆنا و کەمبوونەوەی ژمارەی بەشداربووان، زیاتر 800 گرێبەست واژۆکراون. ئەنتۆن کۆبیاکۆڤ، راوێژکاری سەرۆکی رووسیا و سەرپەرشتیاری کۆڕبەندەکە، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند "بە بەراود بە کۆڕبەندی رابردوو، بە بڕی زیاتر لە  2 ملیارد دۆلار گرێبەست واژۆ کراون".

ئەنتۆن کۆبیاکۆڤ، راوێژکاری سەرۆکی رووسیا و سەرپەرشتیاری کۆربەندی نێودەوڵەتی ئابوری سانپیتەربورگ بە کوردستان24ی گوت: " 13هەزار کەس لە 140 وڵاتی جیاوازەوە بەشداری کۆڕبەندەکە بوون، کە سێ هەزار کەسیان لە دەرەوە هاتبوون،  800 گرێبەست بە گوژمەی 3 تریلیۆن و  860 ملیارد روبل واژۆ کران، ئەمە جگە لەو گرێبەستانەی ئاشکرا نەکراون، هەروەها بەشێکی زۆر لێکتێگەیشتنیش واژۆکراون و لە داهاتوودا  ئەنجامی باشیان دەبێت".

سەرەڕای ناکۆکی و ململانێی قوڵ لەنێوان حکومەتەکانیاندا، بەشداری کارای کۆمپانیا و کارسازانی رۆژئاوایی لە کۆڕبەندی ئابووری سان پیتەربورگ دیار و بەرچاوبوو.

رۆبێرت دەدلێی سەرۆکی کۆمپانیای BP  بەریتانی  لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "پێموایە ئەمە هەنگاوێکی ئازایانەیە رووسیا ناویەتی، شتێکی زۆر باشە، چونکە باوەڕی تەواوم هەیە بازرگانی دەتوانێ ببێتە پردێکی پەیوەندی زۆر بەهێز لەنێوان وڵاتاندا. ئەوەی ئێستا جیهان پێویستەیەتی بنیادنانی هەرچی زیاتری ئەو پردی پەیوەندییانەیە. زیاتر لە 6 هەزار بازرگانی جیهان لێرە کۆبوونەتەوە رووبەڕوو لەگەڵ یەکتر قسە دەکەن".

کۆمپانیا و سەرمایەدارانی 140 وڵاتی جیهان لەو کۆڕبەندە ئامادەبوون، بەڵام چەقی سەرنجی کۆڕبەندی ئەمساڵ لەسەر قەتەر بوو، بەو پێیەی پلەی یەکەمی گرتبوو لە رووی زۆری ژمارەی بەشداربووان.

رەشید بن عەلی ئەلمەنسوری، بەڕێوەبەری بۆرسەی جێبەجێکار بۆرسەی قەتەر دەڵێ: "بە شێوەیەکی فراوان بەشداریمان لەم کۆڕبەندە داکرد، کەن بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بۆ ماوەی دوو ساڵ تاڕادەیەک کارەکانی کۆڕبەند راگیرابوون، بەڵام ئەمساڵ قەتەر بە شێوەیەکی فراوان بەشداری کۆڕبەندەکەی کرد و شوێنێکی تایبەتمان بۆ داندرابوو. وەک دەبینن بەشدارییەکی فراوان هەیە و کۆمەڵێک کۆمپانیا و دامەزراوەی گرنگ لەسەر ئاستی جیا جیا بەشداریان کردووە".

24مین گەڕی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووری سان پیتەربورگ، گەورەترین رووداوی ئابووری و سیاسی جیهان بوو، کە لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بە بەشداری 13 هەزار کەس، لە 140 وڵاتی جیهانەوە بەڕێوەچوو، تیایدا 800 گرێبەستی ئاشکرا بە گوژمەی زیاتر 3 تریلیۆن 860 ملیارد روبل واژوو کرا کە دەکاتە زیاتر لە 52  ملیار دۆلار.