زەوی کارت و خانووە زێدەڕۆکان تاپۆ دەکرێن

"لە هەولێر تائێستا نزیکەی 100 هەزار مۆڵەت بە هاووڵاتییان دراوە"
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستیکردووە بە تاپۆکردنی زەوی کارت و ئەو خانووە زێدەڕۆییانە کە بەگوێرەی یاسا دەتوانن بەناوی خۆیانی بکەن. جێگری پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر زۆرترین مامەڵەی تاپۆکردنی زەوی کراوە و بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردن و تاپۆکردنی خانوو، و  زەویش بەردەوامە.

تاپۆکردنی ئەو زەویانەی کە ساڵانێکە ھاووڵاتییان وەریان گرتووە و تا ئێستا نەیانتوانیووە تاپۆی بکەن، بەتایبەت ئەو زەویانەی کە کارتن، بە بڕیارێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی شارەوانی راسپێردرا کە ئەو زەوی و خانووانەی تاپۆ بکات و دەرچەی یاساییان بۆ بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن زەوییەکانیان بەناوی خۆیانەوە بکەن.

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردن و لە سنووری هەولێر تائێستا نزیکەی 100 هەزار مۆڵەت دراوە بە هاووڵاتییان، ئەمە یەکێک بوو لە بڕیارە باشەکان و رەنگدانەوەی لەناو هاووڵاتییان هەیە، چونکە خەڵک نەیدەتوانی بەو کارەتە خانوو بۆ خۆی دروست بکات، یان بەشیوەی یاسایی نەدەبووە خاوەنی زەوییەکە".

بە یاسا لە پەرلەمانی کوردستان رێگە درا ھەرچی زەوی زیادەڕۆ و کێشە لەسەر ھەیە چارەسەر بکرێت، ئەمە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کردی بە بڕیار بۆ ھەموو پارێزگاکان، کە شارەوانییەکان بە خێرای ئەم بڕیارە جێبەجێ بکەن. بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستانی دەڵێ "لە پارێزگای ھەولێر یاساکە بە باشی جێبەجێ کراوە، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکە کە وەک پێویست بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە".

لەوبارەوە نزار مەلا غەفار، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە تاپۆکردنی خانوو و زەوییەکان، لە سنووری هەموو پارێزگاکان".

تاپۆکردنی ئەو زەویانەی کە کارتن یان زیادەڕۆن کاریگەری هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی کرێچی و وایکردووە خەڵکانی کەم دەرامەتیش ببنە خاوەن زەوی و خانووی خۆیان، لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 30 هەزار پارچە زەوی تاپۆکراوە و پڕۆسەی تاپۆکردنی زەوییەکانیش بەردەوامە.