زیندانییەک لە دهۆک لە زیندان رادەکات
K24 – هەولێر
زیندانییەک لە گرتووخانەی چاکسازی (زرکا) لە دهۆک دوای وەرگرتنی مۆڵەتی خێزانی هەڵاتووە و نەگەراوەتەوە. کەسوکارەکەشی رایدەگەیەنن، نازانن لە کوێ خۆی حەشارداوە.
سەرچاوەیەک لە چاکسازی زرکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە کوردستان24ی راگەیاند "بەهۆی نە گەڕانەوەی زیندانییەکە هەردوو کەفیلەکەی دەستگیرکراون و هەروەها دەستیش بەسەر 25 ملیۆن دینار و خانووەکەی دا گیراوە، کە پێشتر وەک بارمتە (رەهینە) دانرابوو".
سەرچاوەکە راشیگەیاند: "زیندانییەکە بە 15 ساڵ حوکمدراوە و ئەمە جاری یەکەم نییە مۆڵەتی خێزانی وەردەگرێت، بەڵکو پێشتر زیاتر لە 40 جار مۆڵەتی وەرگرتووە و دوای تەواوبوونی کاتەکەی گەڕاوەتە ناو زیندان".
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، زیندانییەکە 11 ساڵی سزای بەندکردنی تەواو کردووە و تەنیا 4 ساڵ ماوە ئازاد بکرێت.