"ئێستاش ئەو فاکتەرانە ماون کە وایکرد کورد بڕیاری ریفراندۆم بدات"

چوار ساڵ لەمەوبەر بڕیاردرا 25 ئەیلوولی 2017 ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

چوار ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا 25 ئەیلوولی 2017 ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت. سیاسەتمەدارێکی کورد ئاماژە بەوەدەکات ئێستاش ئەو فاکتەرانە وەک خۆی ماون کە وای لە کورد کرد ئەوکات بڕیاری ریفراندۆم بدات.

ئەبوبەکر عەلی، سیاسەتمەدار بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، پاساو بۆ دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەڵکو پاساوی ئەوە نەبووە باشووری کوردستان بە زۆر بە عێراقەوە بلکێندرێت، هەروەها پاسای ئەوە نەبووە، چوارەم نەتەوەی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای عەرەب و فارس و تورک، کە کوردە و قەوارەی ناوچەکە پێکدەهێنێ بێ قەوارەبێت".

ئەو فاکتەرانەی وای لە سەرکردایەتی سیاسی کورد کرد، ئەوکات بڕیاری ریفراندۆم بدات، پێشێلکردنی هەرسێ بنەمای رێککەوتن و هاوسەنگی و بەشداری راستەقینە و پێشێلکردنی دەستوور، بەتایبەت ماددەی 140 و بڕینی بەشە بوودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە بوو، فاکتەرەکان وەک خۆی ماون و ئەم عەقڵیەتەی عێراقیش بەرێوە دەبات، هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە.

لەوبارەوە کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان دەڵێ: "سەربەخۆیی کوردستان بەشێکە لە مافی بڕیاردانی چارەنووس، دەبێ گەلی کوردستانە بەردەوام بۆ ئەم مافە تێبکۆشێ، نابێ چاوەڕێی هیچ پاساوێک بکەین، چونکە ئەمە پەیوەندی بە زەمینە و تێکۆشانەوە هەیە، رەنگە ئێستا بەربەست زۆربن، بەڵام داهاتووی پەیوەندی بە تێکۆشانی گەلی کوردەوە هەیە، کورد چۆن بەردەوام دەبێ لە تەواوکردنی ئەرکە نیشتمانییەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان".

سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ئەوەی لە بەغدای دەوێت، جێبەجێکردنی ئەو دەستوورەیە کە زۆرینەی عێراقییەکان پەسندیان کردووە، بەڵام عێراق فرە بڕیارە و تەنانەت حکومەتەکەشی ناتوانێت ئەو خواستانە بەدیبێنێت کە لە پێناوییاندا کاردەکات، هەر بۆیەش سەڕەرای رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر کۆمەڵێک بابەت، بەڵام تائێستا حکومەتی عێراق نەیتوانیوە رێککەوتنەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.