بانکی ناوەندی عێراق لەبارەی بەهای دۆلار بڕیارێک دەدات

ئاسانکاری بۆ کەسانە دەکات کە نیازی گەشتکردنی دەرەوەی وڵاتیان هەیە دەکات
دۆلار و دیناری عێراقی
دۆلار و دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە بانکی ناوەندی عێراق، بەهایەکی نوێی کڕینی دۆلاری بۆ ئەو کەسانەی نیازی گەشتی دەرەوەی وڵاتیان هەیە راگەیاند.

بە گوێرەی بڵاوکراوەیەک کە لە پێگەی فەرمی بانکی ناوەندی عێراقدا بڵاوکراوەتەوە، ئاسانکاری بۆ کەسانە دەکات کە نیازی گەشتکردنی دەرەوەی وڵاتیان هەیە.

لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە: "بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان بۆ دەستەکەوتن بە دراوی بیانی بۆ ئەو کەسانەی نیازی گەشت و خوێندن و چارەسەری پزیشکیان لە دەرەوەی وڵات هەیە، بانکی ناوەندی عێراق پێویستییەکانیان بۆ کڕینی دراوی بیانی لە رێگەی کاتی ئەلیکترۆنی (ماستەر کارد و ڤیزا کارد) بە بەهای فەرمی دابین دەکات".

ئەمە لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندی عێراق لە مانگی کانوونی یەکەمی 2020 بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار دابەزاند، کە هەر دۆلارێک بە 1450 دینار لە وەزارەتی دارایی دەکڕیت و بە 1460 دینار بە بانکەکانی دەفرۆشێتەوە و بۆ هاووڵاتییان بە 1470 دینار بەردەست دەبێت. بەڵام ئێستا بەهای دۆلارێک لە بازاڕەکان 1500 دیناری تێپەڕاندووە و پێشبینی دەکرێت زیاتریش بەرزبێتەوە.

هەفتەی رابردووش بەشێکی زۆر لە شارەزایانی ئابووری و چاودێرانی سیاسی لە عێراق رایانگەیاندبوو، کە بەهای 100 دۆلار لە ئایندەیەکی نزیکدا 160 هەزار دینار تێدەپەێنێت و هۆشداریش لە داڕمانی بەهای دینار دەدەن، کە هاوشێوەی وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت لوبنان و سووریا بەهاکەی لەدەست بدات.