سلێمانی.. بە نزیكەی 4 ملیار دینار ژمارەیەك پرۆژەی شارەوانی جێبەجێ دەكرێت

لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە بڕی نزیكەی چوار ملیار دینار، سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، حەوت پرۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری لە شارەكە جێبەجێ دەكات، كە پرۆژەكان كاریگەری زۆریان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی شارەكە دەبێت.
سلێمانی
سلێمانی

K24 – هه‌ولێر‌:

لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە بڕی نزیكەی چوار ملیار دینار، سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، حەوت پرۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری لە شارەكە جێبەجێ دەكات، كە پرۆژەكان كاریگەری زۆریان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی شارەكە دەبێت.

پاڵپشت بە ره‌زامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە گوژمەی 3 ملیار و 879 ملیۆن و 260 هەزار و 500 دینار، لەسەر رێژەی 100%ی فرۆشتنی زەوی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بڕیاری دا لەسەر جێبەجێكردنی حەوت پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شاری سلێمانی.

پرۆژەكان لە سێكتەرەكانی: دروستكردنی شەقامی خزمەتگوزاری بۆ شەقامی مەلیك مەحموود و كاری رێكخستنی پاركینی ئۆتۆمبێل و باخچە و رێكخستنی شۆستەی شەقامی گۆران و گۆڕینی رووی شۆستەی شەقامی سالم و چاكسازی لە شۆشتەی بەردەم باخی گشتی.

هەروەها دروستكردنی دیواری راگر و جێگیركردنی رەمپی یەكتربڕی دەباشان و تەواوكردنی تۆڕی رووناككردنەوە و كاری دروستكردنی ئاوەڕۆی سندوقی لە شەقامی 30ی مەتری لە گەڕەكی ئازادی و گەیاندنی پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شەقام و كۆڵانەكانی گەڕەكی شار و شەقامی ژێر تاوەرەكان. لەگەڵ دروستكردنی تۆڕی ئاوەڕۆ بۆ كۆڵانەكانی جیاكراوەی 26ی بۆگەنە و جیاكراوەی 223ی ئابڵاخ.