ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیارێك لە بەرژەوەندى سێ یەکەمەکانى زانکۆکان دەدات

وەزیرى خوێندنى باڵا: پەرەپێدانى خوێندنى پیشەیی و تەکنیکى یەکێکە لە ئەولەویاتە گرنگەکانى حکومەتى هەرێم
ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا
ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا

K24- هه‌ولێر:

بەمەبەستى هاندان و پاڵپشتى کردنى سێ یەکەمەکانى زانکۆکانی کوردستان، کە تا ئێستا دانەمەزراون، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا لە خوێندنى ماستەر بۆ ساڵى (2019-2020) کە لە زانکۆکان وەرگیراون بەشێوازای پارالێل، یەکەمەکان بە ڕێژەى (75%) و دووەمەکان بەڕێژەى (50%) و سێیەمەکان بەڕێژەى (30%) لە کرێى خوێندنى ساڵی دوەمیان دادەشکێنرێت.

ئەمڕۆ دوشەمە رێکەوتى (2021/6/7) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت لە زانکۆى دهۆك بە ئامادەبوونى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت به‌ڕێوه‌چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا دواى خستنەڕوى بەرنامەى کارى پێنجەمین کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە گرنگى خوێندنى پیشەیی و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان کردو رایگەیاند: خوێندنى پیشەیی و تەکنیکى یەکێکە لە ئەولەویاتە هەرە گرنگەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چونکە ئەم خوێندنە تەنها تایبەت نیە بەهەرێمى کوردستان، بەڵکو بابەتێکى نێودەوڵەتیە و وڵاتان بۆ پێشخستنى بارى ئابوورییان بایەخى زۆرى پێدەدەن. پێویستە فەلسەفەى خوێندن و پرۆگرامەکانمان لەگەڵ بازاڕى کارى کوردستان بگونجێنین، بۆ ئەوەى واقعى ئێستاى هەرێمى کوردستانمان لەبەرچاو بێت.

رونیشیکردەوە نامانەوێ زانکۆ تەنها بڕوانامە ببەخشێت و فەرمانبەر بۆ کەرتى گشتى ئامادەبکات، بەڵکو پێویستە زانکۆ کارامەیى و پیشەیی بۆ خوێندکارانى دروست بکات، تا دواى تەواوکردنى خوێندن بتوانن دەرفەتى کار بۆ خەڵکى دیکە بڕەخسێنن و لە بازاڕى کارى کوردستاندا هەلی کارى گونجاویان بۆ بەدەست بێنن، بۆیە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان و خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی دەتوانن ئەو رۆڵە ببینن و کادیرى ناوەندى دروست بکەن و پێداویستیەکانى بازاڕى کارى کوردستان دەستەبەر بکەن و خوێندکارى کارامە بۆ بازارى کار پێ بگەیەنن.

لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەداو بەمەبەستى هاندان و پاڵپشتیکردنى سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکومیەکانی کوردستان کە تا ئێستا دانەمەزراون لە زانکۆکان، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا کە ناوبراوان لە خوێندنى باڵا/ ماستەر بۆ ساڵى (2019-2020) لە زانکۆکانی کوردستان وەرگیراون بە شێوازای پارالێل، یەکەمەکان بە ڕێژەى (75%) و دووەمەکان بەڕێژەى (50%) و سێیەمەکان بەڕێژەى (30%) لە کرێى خوێندنى ساڵی دووەمیان دادەشکێنرێت.

لەچوارچێوەى تاوتوێکردنى بەرنامەى کارى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، پاڵپشت بە دوو پرۆپۆزەلى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى و یاداشتەکانى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى لە وەزارەت، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە کردنەوەى خوێندنى ماستەرى پیشەیی (MBA)، دکتۆراى پیشەیی (DBA) هەروەها کردنەوەى سەنتەرى خوێندنى پیشەیی یەك ساڵە بۆ دەرچوانى خوێندنگە ئامادەییە زانستى و وێژەییەکان و پەیمانگە پێنج ساڵییەکان، لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانى هەرێمى کوردستان.

لەبڕگەیەکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا ناوى کۆلێژى تەکنیکى تەندروستى لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانى هەرێمى کوردستان گۆڕدرا بۆ کۆلێژى تەکنیکى تەندروستى و پزیشکى هاوشێوەى کۆلێژە تەکنیکییەکانى عێراق.

لە کۆتایى کۆبوونەوەکەدا هەریەك لە ئەندامانى ئەنجومەن چەندین راو بۆچونیان بۆ چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان و هەڵسەنگاندنیان بۆ رەوشى ئێستاى زانکۆکان خستەڕوو.

H.B