پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە هەولێر کەوتە کار

بۆ یەکەمجار حکومەتی هەرێمی کوردستان گەنمی جوتیاران دەکڕێتەوە
وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە هەولێر - فۆتۆ: رێناس عەلی
وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە هەولێر - فۆتۆ: رێناس عەلی

K24 - هەولێر

لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە هەولێر دەست بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کرا، ئەمەش یەکەم جارە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی راستەوخۆ دەست بە کڕینەوەی گەنمی جوتیاران بکات. لە قۆناغی یەکەمیش 100 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت.

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نرخی گەنمی وەرگیراوی پلە یەک بە 475 هەزار دینار، پلە دوو بە 400 هەزار دینار و پلە سێش بە 325 هەزار دینار دیاریکراوە.

ئەندازیار شێرزاد جەعفەر، سەرپەرشتیاری پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە دوێنێوە دەستمان کردووە بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، لە سەرەتادا گەنمەکە قەبان دەکرێت و پشکنینی بۆ دەکرێت، دەردەکەوێت کە گەنمەکە دەرجە چەندە، دوای رەزامەندی لە سایلۆ بەتاڵ دەکرێت".

گوتیشی: "ئێستا 20 سایلۆ ئامادەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، هەروەها دوای وەرگرتنی گەنم جوتیاران دەتوانن راستەوخۆ پارەکە لە بانک وەربگرن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لە مانگی داهاتوودا کارگەی ئارد و ساوار و بنەتۆ تەواو دەکرێت و ئەو گەنمەی لە جوتیاران وەردەگرێت دەدرێتە ئەو کارگانە".

لە ساڵی رابردوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی راگەیاند، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژی کشتوکاڵییە و چەندین کارگە لە خۆ دەگرێت بڕیارە لەمساڵ پڕۆژەکە بە تەواوەتی بکەوێتە کار.

پێشتر بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشوكاڵی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران دوو ئامانجی سەرەكی بەدیدەھێنرێت، یەكەمیان چارەسەری كێشەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران دەكات، دووەم بە پیشەسازیی كردنی بەرھەم.