نرخی نەوت هەڵکشا

ئاماژەی بەرزبوونەوەی خواست بۆ سووتەمەنی، نرخی نەوتی بەرزکردەوە
نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - هەولێر

پاش بڵاوبوونەوەی هەندێک ئاماژەی بەهێز بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر سووتەمەنی لە وڵاتانی رۆژئاوا، لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا نرخی نەوت بەرزبووەوە.

هەروەها ئەگەرەکان بە گەڕانەوەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان شکستیان هێنا، بە تایبەت دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، پێناچێت سزا سەپێندراوەکانی سەر تاران هەڵبگرن.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی ئاب بە رێژەی 0.33٪ بۆ 72.83 دۆلار بەرزبووەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساس لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی تەمموز بە رێژەی 0.33٪ بۆ 70.62 دۆلار بەرزبووەوە.

شارەزایانی بازاڕ دەڵێن، باشبوونی پێشبینییەکان بە گەشانەوەی خواست نرخی نەوتیان بەرزکردووەتەوە، بە جۆرێک فراوان بوونی وەرگرتنی پێكوتەی کۆرۆنا، کاریگەری کردووەتە سەر خەمڵاندنەکان کە بۆ وەرزی هاوین خواست بۆ سووتەمەنی لە ئەمەریکا و ئەوروپا زیاتر دەبێت.