ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە دۆخی ناوچە سنوورییەکان دەدرێتە کازمی

"تورکیا دەستدرێژی دەکاتە سەر خاکی عێراق و پەکەکەش هێرشدەکاتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە"
شاندی پەرلەمانتارانی عێراق لەگەڵ پارێزگاری دهۆک لەکاتی سەردانیان بۆ سنووری پارێزگای دهۆک - 8/6/2021
شاندی پەرلەمانتارانی عێراق لەگەڵ پارێزگاری دهۆک لەکاتی سەردانیان بۆ سنووری پارێزگای دهۆک - 8/6/2021

K24 - هەولێر

لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا، دەداتە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی وڵاتەکەی، محەمەد رەزا ئال حەیدەر، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا دەداتە مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق.

ئال حەیدەر، دۆخی ناوچە سنوورییەکانی بە مەترسیدار پێناسە کرد و گوتی "تورکیا دەستدرێژی دەکاتە سەر خاکی عێراق و پەکەکەش هێرشدەکاتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "پێویستە هێز و کەلوپەلی لۆجستی زیاتر بگەیەنرێتە ئەو ناوچانە".

دووشەممەی رابردوو، لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای رێککەوتنێکی نێوان بەغدا و هەولێری کرد، بۆ رێگری لە هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق.

رۆژی سێشەممە شاندێکی پەرلەمانتارانی عێراق، بۆ بەدواداچوون لە دۆخی ناوچە سنوورییەکان گەیشتنە دهۆک و چەند ناوچەیەکیان بەسەر کردەوە، هاوکات لەگەڵ پارێزگاری دهۆک و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی کۆبوونەوە.