ئەمهریکا 170 ملیار دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئابووری چین تەرخان دەکات
K24 - ههولێر:
ئەنجومەنی پیرانی ئەمهریکا کار بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیەکی زەبەلاح دەکات، کە توێژینەوە و پەرەپێدانی تەکنەلۆژی لەخۆدەگرێت و ئامانجیش لێی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئابووری چینە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی "فرانس پرێس"، ئەو پڕۆژەیاسایە تیشک دەخاتە سەر کەمی تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی ئەلیکترۆنی، چونکە پێشبڕکێی پەرەپێدانی تەکنەلۆژی بۆ ئەمهریکا یەکلاکەرەوەیه، بۆ ئەوەی بەسەر چیندا سەرکەوێت.
لەگەڵ نادڵنیاییەکانی ئەمهریکا لەبارەی رکابەری گەورەترین هێز لە ئاسیا، جاک شومەر، سیناتۆری ئەمهریکا ئاماژهی بهوه كرد، متمانەی تەواوی هەیە دیموکرات و کۆمارییەکان ئەو پڕۆژەیاسایە تێپەڕێنن.
جاک شومەر ئاشكرای كرد، پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە یەکێکە لە باشترین کارەکانی ئەنجومەنی پیران، و بڕوایان هەیە دەرفەتی سەدەی 21 بۆ ئەمهریکا دەبێت.
ئاماژە بەوەش كرد، هەر کەسێک لە پێشبڕێکێی تەکنەلۆژیای ئایندە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوا دەبێتە پێشەنگی ئابووری جیهان، کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانیش دەبێت.
بە گوێرەی پڕۆژەیاساکە، 120 ملیار دۆلار بە درێژایی 5 ساڵی داهاتوو بۆ چالاکی دامەزراوەی زانستی نیشتمانی تەرخان دەکرێت، کە ئامانج لێی توێژینەوە و پەرەپێدانە، لە چەندین بواری سەرەکی تەکنەلۆژیا وەک زیرەکی دەستکرد و بیردۆزی کوانتەم. هەروەها پێشتووتریش 52 ملیار دۆلاری تەرخان کردبوو.
د.ی