ئه‌وروپا ده‌رگا به‌ڕووی گه‌شتیاراندا ده‌كاته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌وروپا به‌ڵگه‌نامه‌ى پێدانى ڤاكسین وه‌ك پێشمه‌رجى گه‌شتكردن بۆ هاوینى ئه‌مساڵ به‌كار ده‌هێنێت و ده‌رگاكانیشى به رووی گه‌شتیارانى جیهان ده‌كاته‌وه.
له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى وه‌رگرتنى ڤاكسین له‌سه‌ر ئاستى جیهان، بۆ ئه‌م هاوینه خه‌ڵكانێكى زۆر ئومێد ده‌خوازن كاتى مۆڵه‌تیان له وڵاتانى ئه‌وروپا به‌سه‌ر ببه‌ن، یه‌كێتى ئه‌وروپاش به‌ڵگه‌نامه‌ى وه‌رگرتنى ڤاكیسنى وه‌ك پێشمه‌رجى گه‌شتكردن، هاوتا له‌گه‌ڵ ڤیزا به‌كار ده‌هێنێت.
له‌مباره‌وه یه‌كێتى ئه‌وروپا بڵاویكرده‌وه، ئه‌م هاوینه گه‌شتیاران ده‌توانن سه‌ردانى وڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپا بكه‌ن، بۆیه ده‌رگای وڵاتانی ئه‌وروپا كراوه ده‌بێت به‌رووى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه هه‌ڵگرى به‌ڵگه‌نامه‌ى ڤاكسینن.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مڕۆ فه‌ره‌نسا ده‌رگاى وڵاته‌كه‌ى به رووی گه‌شتیاراندا كرده‌وه، به‌پێى رێنماییه تازه‌كانى ئه‌و وڵاته پێویسته گه‌شتیار هه‌ڵگری به‌ڵگه‌نامه‌ى ڤاكسین و دوا پشكنینى كۆرۆناى وڵاته‌كه‌یان بن.
له‌و باره‌یه‌وه پاریس رایگه‌یاند، ئه‌م هه‌نگاوه بۆ كۆریاى باشوور، وڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپا، ئیسرائیل، ئه‌مه‌ریكا و هه‌موو وڵاتانى ئاسیا و ئه‌فریقیایه، ته‌نیا ئه‌و وڵاتانه نه‌بێت، كه تاكو ئێستا له دۆخى كه‌ره‌نتینه و خۆپارێزین.
له‌به‌رامبه‌ردا ئیسپانیا رایگه‌یاند، ده‌رگاى وڵاته‌كه‌ى له‌به‌رده‌م گه‌شتیارانى جیهان ده‌كاته‌وه، به‌بێ هه‌بوونى به‌ڵگه‌نامه‌ى وه‌رگرتنى ڤاكسین، ته‌نها گه‌شتیارانى ئه‌و وڵاتانه نه‌بێت كه دۆخى ته‌ندروستى و بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا تێیدا مه‌ترسیداره.
هه‌روه‌ها یۆنان رایگه‌یاند، ده‌رگاى وڵاته‌كه‌ى له‌به‌رده‌م 50 وڵات كراوه ده‌بێت، كه له‌نێویاندا ئه‌مه‌ریكا، كه‌نه‌دا، رووسیا و چین دێت، به پێشمه‌رجى هه‌بوونى به‌ڵگه‌نامه‌ى وه‌رگرتنى ڤاكسین و دوا پشكنینى تووشبوون به ڤایرۆسى كۆرۆنا و هه‌روه‌ها دووباره پشكنینه‌وه‌یان له فڕۆكه‌خانه‌كانى یۆنان.
هه‌روه‌ها قوبرس ده‌رگاكانى به‌ڕووى گه‌شتیاراندا كرده‌وه به پێشمه‌رجى هه‌بوونى به‌ڵگه‌نامه‌ى پێدانى ڤاكسین، هه‌روه‌ها قوبرس جه‌خت له وه‌رگرتنى هه‌ر سێ ژه‌مى ڤاكسین ده‌كاته‌وه.
تا ئێستا ده‌رگاكانى ئه‌ڵمانیا به ته‌واوه‌تى نه‌كراوه‌ته‌وه، ته‌نها بۆ حاڵه‌تى تایبه‌ت و فریاگوزارى نه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌ڵمانیا به‌نیازه به‌ڵگه‌نامه‌ى وه‌رگرتنى ڤاكسین له‌به‌رامبه‌ر گه‌شتكردن بۆ وڵاته‌كه‌یان به‌كار بهێنێت، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌ڵمانیا خۆی له‌و وڵاتانه ده‌پارێزێت كه تا ئێستاش دۆخى ته‌ندروستیان خراپه.