هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی کولێرا دەدرێت

تەندروستی سلێمانی: ئاماری تووشبوون بە سکچوون مەترسیدارە
نەخۆشخانەیەکی سلێمانی
نەخۆشخانەیەکی سلێمانی

K24 - سلێمانی

تەندروستی سلێمانی هۆشداری دەدات، ئەگەر ئەو سکچوونەی ئێستا لە شارەکە بڵاوبووەتەوە کۆنترۆڵ نەکرێت، دەبێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا. داواش لە رێکخراوی تەندروستی جیھانی دەکات، بەدەم داواکاریییەکەیانەوە بێن، بڕیاریشە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی دەستبکات، بە زیادکردنی رێژەی کلۆر لە سەرچاوە دیاریکراوەکانی ئاوی ماڵان لە سلێمانی و دەوروبەری، داواش لە هاووڵاتییان دەکات لەو تانکەرانە ئاو بکڕن کە مۆڵەتیان هەیە.

د.سەباح ھەورامی، بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەرنامە و پلانی خۆمان بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەو نەخۆشانە داناوە کە تووشی سکچوون بوون، داواشمان لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە، هاوکارمان بن، لە پاراستنی کۆمەڵگە لە سکچوون و نەخۆشی کولێرا".

گوتیشی: "ئەو ئامارەی لەبەردەستمان دایە ترس و دڵەڕاوکێی دروستکردووە، کە ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی سکچوون بوون سێ هێندە زیادیکردووە، گومان دەکەین، ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کولێرا".

رێکاری توند لە سلێمانی دەگیرێتە بەر، بۆ رێگری لە بڵاوونەوەی کۆلێرا. تەندروستی سلێمانی وشکەساڵی و ھانا بردنە بەر ئاوی بیر و سەرچاوەکانی دیکە، بە ھۆکار دەزانێت بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە، بۆیە داوا دەکرێت ھاووڵاتییان ئاوی پاک بەکار بێنن.

رزگار عەلی، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی دەڵێ: "زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە سکچوون زیادیکردووە، بۆیە مەترسیمان لە پێشە، ئەم چەند مانگەی کە وەرزی گەرمایە دەبێ خۆمان بپارێزین و رێگری لەوە بکەین کە نەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی کولێرا".

تەندروستی سلێمانی داوا لە ھاووڵاتیان دەکات، ئاو لەو تانکەرانە داوا بکەن کە رەنگیان سپییە و ژمارەی مۆڵەتییان لەسەرە، چونکە ئاوەکانیان کلۆری تێدایە و لەو شوێنانە دەیانھێنن، کە تەندروستیی سلێمانی بۆیان دیاریدەکات و شیاون بۆ خواردنەوە، ئەگەرنا ئەوانی دیکە لەمکاتەدا مەترسیدارن.