نرخی نەوت ئاستێکی پێوانەیی نوێ تۆمار دەکات

بەهۆی دابەزینی ئاستی نەوتی ئەمبارکراوی ئەمریکایە

K24-هەولێر

نرخی نەوتی خاو ئەمڕۆ چوارشەممە ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد و نرخی بەرمیلێکی گەیشتە نزیکەی 50 دۆلاری ئەمریکی و ئەمە یەکەمج لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا دەگاتە ئەم ئاستە.

بەپێی بۆرسەکانی بازاڕەکانی نەوت لە جیهان نرخی بەرمیلێکی نەوتی خاوی جۆری پێوەری برێنتکە یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی نەوت لە جیهان، گەیشتە 49.32 دۆلار و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسی ئەمریکا گەیشتە 49.4 دۆلار و بەردەوام لە گۆڕاندایە.

بەرزبوونەوەی ئەمجارەی نرخی نەوت وەک چاودێران دەڵێن بەهۆی دابەزینی ئاستی نەوتی خاوی ئەمبارکراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، بەتایبەت دوای ئەوەی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە نەوتی ئەمبارکراوی ئەو وڵاتە هەفتەی رابردوو زیاتر لە پێشبینیکراو دابەزی.

ئەمە لە کاتێکدایە لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 نرخی نەوتی خاو لە جیهان نزیکەی 60% بەهای خۆی لەدەستداوە و ئەمە بووە هۆی ئەوەی چەند وڵاتێکی گەورە هەناردەکاری نەوت لە جیهان وەک سعوودییە و وڵاتانی کەنداو و عێراق تەنانەت هەرێمی کوردستانیش دووچاری قەیرانی دارایی ببنەوە.

ئا: ئا ، ف