سووریای دیموکرات: ئامانجمان وەدەردانی داعشە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا

"هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە هێرشی ئاسمانیی پاڵپشتی کردەوە سەربازییەکانمان دژی داعش دەکات"

K24-هەولێر

هێزەکانی سووریای دیموکرات کە لە شەرڤانانی کورد و عەرەب و ئاشووری پێکهاتووە دەستپێکردنی هێرشی دەرکردنی چەکدارانی داعشی لە باکووری شاری رەققە لە سووریا راگەیاند و ئاشکرای کرد ئامانجمان وەدەردانی داعشە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.

هێزەکانی سووریای دیموکرات کە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر راشیگەیاند: "ئامانجی کردەوە سەربازییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا وەدەردانی چەکدارانی رێکخراوی داعشە لە ناوچەکانی دەوروبەری باکووری شاری رەققە".

هێزەکانی سووریای دیموکرات گوتیشی: "ئامانجی کردەوەکان ئازادکردنی هاوڵاتیانی سووریایە لە باکووری رەققە لە ستەمی رێکخراوی داعش". لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت ژمارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات نزیکەی 30 هەزار سەرباز بێ.

هێزەکانی سووریای دیموکرات لە مانگی دەی ساڵی 2015 پێکهێنران و بریتین لە هاوپەیمانێتی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و چەند گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی عەرەب و ئاشووری.

هێزەکانی سووریای دیموکرات تا ئێستا بە پاڵپشتی ئەمریکا نزیکەی 26 کم چوارگۆشەی خاکی سووریای کۆنتڕۆڵ کردووە و ئەو ناوچەیە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا.

هێزەکانی سووریای دیموکرات دەشڵێن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات بە هێرشی ئاسمانیی پاڵپشتی کردەوە سەربازییەکانی دژی داعش دەکات.

سەرەرای ئەم پێشهاتانەش، بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکرات هێشتا باسی گرتنەوەی خودی شاری رەققە ناکەن کە بە بەهێزترین پێگەی داعش هەژمار دەکرێت لە سووریا و لە ساڵی 2013 وە لە بندەستی داعشدایە.

هاوکات رووسیا رایگەیاند کە دەخوازێ لەم کردەوە سەربازییانەدا هەماهەنگی لەگەڵ کورد و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات.

ئاژانسی ئیتەرتاسی رووسیا لە زاری وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگێ لاڤرۆڤ گواستییەوە: "ئێمە ئامادەین بۆ هەماهەنگییەکی هاوشێوە، بەدڵنیاییەوە رەققە ئامانجێکی هاوپەیمانێتی نەهێشتنی تیرۆرە هاوشێوەی ئەوەی لە مووسڵی عێراقیشدا هەیە".

بەپێی زانیارییەکان هێرشی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە شارەدێی عەین عیساوە دەستیپێکردووە کە نزیکەی 50 کم لە باکووری شاری رەققەوە دوورە.

هاوکات ھاوسەرۆكی پارتى يه‌كێتى ديموكراتى كورد ساڵح موسلیم لە لێداوانێكدا بۆ (كوردستان 24) دەرباره‌ی گرنگی رزگاركردنی شاری رەققە راگەیاند: "بۆ پاراستنی ئاسایشی گەلی كورد رزگاركردنى ره‌ققه‌ گرنگە، چونكە داعش لە شاری رەققەوە ھێرش دەكاتە سەر ھێزە كوردییەكان و تا ئەوێ رزگارنەكرێتەوە مەترسییەكانی داعش ھەر بەردەوام دەبن، لەبەر ئەوە پێویستە ئێمە یان دۆستەكانمان لە شاری رەققە بین".

ئا: ئا ، ف