یەکەکانی نیشتەجێبوون تاپۆ دەكرێن

K24- ههولێر:
لە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان داویەتی بۆ گەڕانەوەی مافی ھاووڵاتیان لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، لیژنەیەک ماوەی ساڵێکە لە سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر کار بۆ ئەوە دەکات، ئەو پڕۆژانە رێکبخەنەوە و لەدوای رێکخستەوە بەڵگەنامەکانیان رەوانەی وەبەرھێنانی ھەولێر دەکرێت، بۆ ئەوەی مامەڵەی ئەو یەکانە تەواو بکرێت و دەست بە تاپۆکردنیان بکرێت. سەرۆکی شارەوانی ھەولێریش رایگهیاند، دەستکراوە بە مامەڵەی تاپۆکردنی چەند پڕۆژەیەک و کاری لیژنەکەش بەخێرایی ئهنجام دهدرێت و تا ئێستاش نزیکەی 6 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون تاپۆکراون.
پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە بواری نیشتەجێبوون لە چوارچێوەی ئەو رێکخستنەوانەی وەزارەتی شارەوانی ئەنجامی دەدات، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بە تاپۆکردنی بەڵگەنامەکانیان کراوە.
سەرۆکایەتی شارەوانییەکان راسپێردراون لیژنەی تایبەتمەند بە لێکوڵینەوە و کێشەکانی ئەو پڕۆژانە دروستبکرێت و دەست بە پێداچوونەوە بکەن، لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر نزیکەی ساڵێکە کار لەسەر رێکخستنەوەی بەڵگەنامەکانیان دەکرێت و چەندین پڕۆژەیهك تا ئێستا بەڵگەنامەی تاپۆکردنیان بۆ کراوە.
عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی ھەولێر گوتی: "لیژنهیهكی هابهشمان پێكهێناوه له سهرۆكایهتی شارهوانی ههولێر و بهڕێوهبهرایهتی گشتی وهبهرهێنان و بهڕێوهبهرایهتی خانووبهره، كه توانراوه چهندین یهكهی نیشتهجێبوون تاپۆ بكرێت، چهندین یهكهی دیكهش مامهڵهی تاپۆكردنیان له تهواو بوونه".
حاجی بەرزنجی، ئەندامی لیژنەی پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەی پڕۆژەکان ئاشکرای كرد، کە لە سەرەتای کارکردنیانەوە ئامانجیان ئەوە بووە، مافی خاوەن زەوی و پڕۆژەکان بۆیان بگێڕنەوە، کە بەشێکی زۆر ھاوڵاتی ناتوانن کاروبارەکانیان ڕاییبکەن، بەھۆی ئەوەی خانوو یان زەوییەکەی بەناو نییە و نەبووهتە موڵکی خۆی.
80 پڕۆژەی نیشتەجێبون لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر ھەیە، کە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و تا ئێستاش بەشێکیان دەستکراوە بە مامەڵەی تاپۆکردنی ئەو پڕۆژانە، گوندی کۆریش کە ههزار و 924 یەکەی نیشتەجێبوونە، تاپۆ دەکرێن و گوندی لوبنانیش لەماوەی ھەفتەی داھاتوو مامەڵەکانیان تەواو دەبێت.
د.ی