هه‌ڵمه‌تی كوتان دژی كۆرۆنا بازاڕی نه‌وت له جیهان ده‌بووژێنێته‌وه
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند، تا كۆتایی ساڵی داهاتوو خواست له‌سه‌ر نه‌وت ده‌گاته ئاستێكی به‌رزتر له سه‌رده‌می به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆنا، ئه‌مه‌ش دوای هه‌ڵمه‌ته فراوانه‌كان پێدانی ڤاكسین و گه‌ڕانه‌وه‌ی چالاكی ئابووری بۆ سروشتی جاران له زۆرێك له وڵاتان و كه‌رته جیاوازه‌كان.
ئاژانسی ناوبراو له راپۆرتی مانگانه‌یدا له‌باره‌ی بازاڕی نه‌وت ئاماژه‌ی به‌وه داوه، "ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه، تا كۆتایی ساڵی 2022، خواست له‌سه‌ر نه‌وت بگاته ئاستێكی به‌رزتر له سه‌رده‌می به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆنا".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ساڵی رابردوو تێكڕای دابه‌زینی خواست له‌سه‌ر نه‌وت له‌سه‌رانسه‌ری جیهان ئاستێكی پێوانه‌یی تۆماركرد و گه‌یشته 8 ملیۆن و 600 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه.
ئه‌و ئاژانسه پێشبینیشی كرد، له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا خواست له‌سه‌ر نه‌وت به‌ڕێژه‌ی 5 ملیۆن و 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه زیاد بكاته‌وه و تا كۆتایی ساڵی داهاتووش ئه‌و خواسته 3 ملیۆن و 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ی دیكه زیاتر بێت.
هه‌روه‌ها هۆشداری ئه‌وه‌شی دا، كه پێشبینی ده‌كرێت بووژانه‌وه‌ی بازاڕی نه‌وت به شێوه‌یه‌كی رێكنه‌خراو و ناسیستماتیك گه‌شه بكاته‌وه، نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی كه‌رت و به‌رهه‌مه‌كان به گشتی.
چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌گه‌ڵ فراوانتربوونی هه‌ڵمه‌ته‌كانی كوتان دژی كۆرۆنا، بازاڕی نه‌وت و به‌رزبوونه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ر وزه به‌شێوه‌یه‌كی خێراتر ببووژێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا هه‌ندێك كه‌رتی وه‌ك گه‌شتیاری و فڕۆكه‌وانی له‌ژێر كاریگه‌ری كۆت و به‌نده‌كانی رێكاره‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا نه‌هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه.
ئاژانسی ناوبراو له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، تا ئه‌و كاته‌ی سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان سیسته‌مێكی به‌رگری به‌هێزی دژی كۆرۆنا به‌ده‌ست نه‌هێنن، پێشبینی ناكرێت تا كۆتایی ساڵی داهاتوو كه‌رتی فڕۆكه‌وانی بگه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و په‌تایه.
H.B