گەورەترین کۆمپانیای نەوتی عێراق جێدەهێڵێت

کۆمپانیای BP لە عێراق دەکشێتەوە
کیكگەیەکی نەوتی کەرکووک - فۆتۆ: AFP
کیكگەیەکی نەوتی کەرکووک - فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کۆمپانیای (بریتیش پێترۆلیۆم) پلانی هەیە کارەکانی لە عێراق رابگرێت و ببێتە کۆمپانیایەکی سەربەخۆ، هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەو وەبەرهێنانەی کە بڕێکی کەمی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن فڕێ دەدەنە ژینگەوە.

ئەو کۆمپانیا نوێیەی لە کێڵگەی رومێلە کار دەکات، مافەکانی بی پی دەپارێزێت و بە هاوبەشی لە لایەن دامەزراوەی پێترۆلی نیشتمانی چینی خاوەنداری دەکرێت، کە یەکێکە لە هاوبەشەکانی بی پی لە کێڵگەکە.

ئێستا ئەو کۆمپانیا بەریتانیایە کار بۆ ئەوە دەکات گەرەنتی لە جێبەجێکردنی پلانی یەکەمی بکات، کە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەسەری رێککەوتوون.

بە گوتەی چەند سەرچاوەیەک، ئامانجی کۆمپانیای بی پی لەو هەنگاوە نەرمی نواندنی زیاترە بۆ وەبەرهێنان لەو وزانەی کەمتر دوانە ئۆکسیدی کاربۆن دەردەن و کۆمپانیاکە دەیەوێت خەرجییەکان لە نەوت و گاز کەم بکاتەوە.

كۆمپانیای بی پی گەورەترین کۆمپانیای نەوتییە لە عێراق کاردەکات، وەبەهێنانەکانی لە کێڵگەی رومێلە دەگاتە 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، کە دەکاتە نزیکەی 30٪ کۆی بەرهەمی نەوتی عێراق.

ئەو کۆمپانیایە مێژووێکی درێژی لە عێراق هەیە، بە جۆرێکە لە بیستەکانی سەدەی رابردووەوە لە عێراق کاردەکات، یەکەم کۆمپانیاش بوو دوای پڕۆسەی ئازادی رووی لە عێراق کرد، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتییەکەی بکات.