وەبەرهێنان لە سێکتەری دیپلۆماسیدا!

Kurd24

پڕۆسەی وەبەرهێنان تەنیا لە سێکتەری ئابووریدا ناکرێت، بەڵکو لە سێکتەری سیاسی و دیپلۆماسیشدا دەکرێت، بگرە لەسەرتاسەری جیهاندا ئەوە وەبەرهێنانی دیپلۆماسییە کەوا وەبەرهێنانی ئابووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

بە مانایەکی دیكه‌، لە پاڵ گرنگیدان بە هێزی رەق (هێزی سەربازی) پێویستە گرنگییەکی تەواو بدرێت بە هێزی نەرم (دیبلۆماسییەت) چونکە ئەم دوو هێزە تەواوکەری یەکترن، بۆیە دەتوانین بڵێن هەر وڵاتێک ئەگەر بیەوێت لەسەر پێی خۆی رابوەستێت، پێویستە گرنگییەکی هاوسەنگ بە هەردوو هێزەکە بدات، چونکە ئەم دوو هێزە هاوشێوەی دوو باڵی باڵندەیەک گرنگن بۆ فڕین بە ئاسمانی نێودەوڵەتیدا.

لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی (2003) و بە دیاریکراوی لە دوای بە دەستووریبوونی هەرێم لە ساڵی (2005)، سەرکردایەتی سیاسی کوردستان توانی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە وەبەرهێنان لە سێکتەری دیپلۆماسیدا ئەنجام بدات، ئەنجامی ئەم وەبەرهێنانەش گواستنەوەی  پرسی کورد بوو لە پرسێکی لۆکاڵی و ناوچەییەوە بۆ پرسێکی نێودەوڵەتی و جیهانی، بۆیە دەبینین لە کۆشکی سپی و کۆشکی ئەلیزێ و کۆشکی شاهانە و کۆشکی کۆماری وڵاتانی جیهان پێشوازی لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەکرێت.

لەم چوارچێوەیەدا هەنگاوەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێم و جەنابی سەرۆکی حکومەت و جەنابی جێگری سەرۆکی حکومەت، نموونەی بەرچاون بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنانێکی سەرکەوتوو لە سێکتەری دیپلۆماسیدا، وەک لەم چەند رۆژەدا بینیمان کۆمەڵێک سەردانی فەرمی ئەنجام دراون، لەوانە سەردانی جەنابی سەرۆکی هەرێم بۆ ئیمارات و هەروەها بانگهێشتنامەی فەرمی جەنابیان بۆ سەردانیکردنی بەریتانیا و سەردانی جەنابی سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوروپا و بەلجیکا و یۆنان، هەروەها سەردانیکردنی چەندین جارەی جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا، سێ نمونەی هەنووکەیی بەرچاو و گرنگن بۆ وەبەرهێنان لە سێکتەری دیپلۆماسی (لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و ناوچەکە و جیهان).

لە دەرەنجامی وەبەرهێنان لە هەردوو سێکتەری رەق و نەرم دەبینین هەرێمی کوردستان (وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی) بووەتە ژمارەیەکی خوێندراوە لە هاوکێشەکانی ئەم ناوچەیە، بۆیە دەکرێت بڵێین:

وەبەرهێنانی دیپلۆماسی بنەمای سەرەکی وەبەرهێنانی هەموو سیکتەرەکانە (سیاسی، ئابووری، ئەمنی، تەندروستی وهتد)

کەواتە وەبەرهێنانی دیپلۆماسی گرنگترین وەبەرهێنانە و پێویستی بە لێهاتوویی دیپلۆماسی و ژینگەی سیاسی هەیە، بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و بونیاتنانی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ وڵاتی بەرامبەر، ئەویش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، واتە بونیاتنانی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای  پره‌نسیپی براوەی دوولایەنە (Win win game) ئەمەش لە رێگای پیادەکردنی دیپلۆماسیەتی هاوسەنگ دەکرێت.

لەم قۆناغەدا روون و ئاشکرایە کەوا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لەناو گۆڕەپانی یاریکردنی ناوچەکەدا ئامادەگی بەرچاوی هەیە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بەرەوپێشچوونی دیپلۆماسیەتی کورد و تێگەیشتنی کورد لە بنەماکانی یاریکردنی دیپلۆماسی (قواعد اللعبة الدبلوماسیة).

لەکۆتاییدا گرنگە ئێمەی کورد سوودمان لە شکستەکانی سەدەی بیست وەرگرتبێت، چونکە لەسەدەی رابردوو بەداخەوە کورد تەنیا پشتی بە چیاکان و هێزی رەق (هێزی سەربازی) بەستبوو، بێ ئەوەی بتوانێت (وەک پێویست) سوود لە هێزی نەرم و (دیپلۆماسیەت) وەربگرێت، بۆیە دەگوترا کورد ئەوەی لە شەڕدا بەدەستی دەهێنێت لەسەر مێزی دانووستان دەیدۆڕێنێت، بەڵام خۆشبەختانە لە سەدەی (21)دا چیتر ئەم وتەیە لەسەر کورد جێبەجێ نابێت، چونکە بەڵگەکان ئەوەمان پێدەڵێن کەوا کورد تا رادەیەکی باش شارەزای بنەماکانی یاری دیپلۆماسی بووە، بە جۆرێک بووتە (ژمارەیەکی خوێندراوە) لە هاوکێشەکانی ئەم ناوچەیە، بۆیە پێموایە چەندە پێویسته‌ ئێمە گرنگی بە هێزی رەق (هێزی پێشمەرگە) بدەین، ئەوەندەش پێویسته‌ کەوا گرنگی بە هێزی (نەرم و دیپلۆماسیەت و لۆبیکردن) بدەین، پێویستە ئەم راستییەش بزانین کەوا وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمەریکا لە رێگای هێزی رەقەوە توانی (دوو شەڕی گەرمی جیهانی و هەروەها شەڕی ساردی یەکیەتی سۆڤیەت) بباتەوە و بەم هۆیەوە بووەتە سوپەرپاوەر و جڵەوگیر و تاکجەسەری هەموو جیهان، بەڵام مانەوەی لەپێگەی تاکجەمسەری و (لوتکەی بەڕێوەبردنی جیهان)دا راستەوخۆ بەندە بە وەبەرهێنانی ئەمەریکا لە سێکتەری دیپلۆماسی و هێزی نەرمدا، هەر لەم پێناوەشدایە کەوا ساڵانە لە پاڵ دابینکردنی بودجەیەکی زەبەلاح (750 ملیار دۆلار) بۆ پنتاگۆن و وەزارەتی بەرگری، بودجەیەکی دیكه‌ی زەبەلاحیش دابنین دەکرێت (بە سەدان ملیار دۆلار)  بۆ وەزارەتی دەرەوە تاکو وەبەرهێنان لە سێکتەری دیپلۆماسیدا بکات!

 

٭ (سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)